دیوانی بێخود/ن
1
[edit]کاکا کابرا شە شەو و ڕۆژ خە خەریکی بەزمە | خەخە خەڵقیش لە لە داخا ئە ئەکاتن شیوەن |
تۆ تۆ تۆ وا لە لەبەرتا سە سە سەڵتەی حەڵەبی | مممن وا لە لەبەرما پا پا پاڵتۆی جەرمەن |
مممن هەم نە نەخۆشم چە چە چەشنی تۆ تۆ تۆ | تۆ تۆ تۆ هەم نە نەخۆشی چە چە چەشنی مممن |
2
[edit]ئەی گوڵی گوڵستانی کوردستان | وەی مەلی نەشئەبەخشی پیر و جوان |
3
[edit]ئەی بە ماڵ و بە سەر فیدایی وەتەن | وەی وەکوو کاکی خۆت برایی وەتەن |
دامەنی کام و دەستی تۆ دوورن | تا بە ڕۆح ئەبیە گەردی ڕایی وەتەن |
تا من و تۆ نەبینە پەروانە | شەوقی چۆن خۆش ئەبێ چرایی وەتەن |
حیشمەتی خوسرەوی مەحاڵە هەتا | جانی شیرین نەکەن فیدایی وەتەن |
بێ شرینقەی برایەتی هەرگیز | نییە چاری مەلاریایی وەتەن |
بێ «کنین»ی یەکێتی و جیددی | زەحمەتە چاری لەرز و تایی وەتەن |
لە کەمانچەی سەری من و تۆدا | تا ببێ نەغمەیی هەوایی وەتەن |
ئاخری هەر بە یومنی لوتفی خودا | دێینە ژێر سایەیی هومایی وەتەن |
یەعنی هەروەک درەفشەکەی کاوە | ئیشی خۆی هەر ئەکا لیوایی وەتەن |
دوڕڕ و مەرجان و کارەبای کوردان | نێرگسە و لالەیە و گیایی وەتەن |
لەعل و زومڕووت و گەوهەری ئێمەن | زیخ و بەردی کەژ و چیایی وەتەن |
بە هەزار تەختی خوسرەوی نادەم | جێگەپێیێکی یەک گەدایی وەتەن |
کاسب و پارە، زاهید و جەننەت | بێخود و خاکی دڵگوشایی وەتەن |
4
[edit]حەسرەتا دیسان پەیا بوو پایزی شین و گرین | زوو بەسەر چوو نەوبەهاری عەیش و نۆش و پێکەنین! |
خادیمی شەرع و دیانەت کاکە ئەوڕەحمان شەرەف | کۆچی فەرموو ناگەهان بۆ گوڵشەنی خولدی بەرین |
بێخودیش ئەم میسرەعەی نووسی بە تەئریخی وتی: | جنّت ئارا بوو، برا قائم مقامی نازەنین |
5
[edit]بە خوڕ دیسان ڕژا فرمێسکی باران | لە هەوری چاوی سووری دوڕنیساران |
تەمی ماتەم وڵاتی کوردی داگرت | لەپڕ وەک دووکەڵی ماکینە، شاران |
زەمین بۆ قوڕ نەپێوێ وەک من و تۆ | زەمان بۆ چی نەشێوێ چەشنی جاران |
جەنابی حەپسە خان تەشریفی ڕۆیی | شکا پشتی فەقیران و هەژاران |
ژن، ئەمما في الحقيقة خادیمەی قەوم | کە یەعنی سەییدەی غیرەت شکاران |
ڕەئیسە و خانەدانزادەی سەیادەت | ئەمیر و شای ژنانی بەختیاران |
تەبیبەی دەردی بیمارانی برسی | کەرەمبەخشی برینی دڵفەگاران |
مشوورخۆری گرۆهی ئادەمیزاد | لە منداڵ تا ئەگاتە دەسبەداران |
لە کوورەی ئاگری غەمدا مەپرسن | لە سۆزی ئاهـ و ناڵەی بێقەراران |
ئەشێ حەسرەتنوشینی شینی ئەو بن | مەلا و شێخ و گەدا تا تاجداران |
فیداکاری غەریب و خۆوڵاتی | وەفاداری لەبار و نالەباران |
بە خۆڕایی لەبەر پێیا نەکەوتوون | لە پیرێژن هەتا سیمین عوزاران |
کە گوڵ ڕۆیی لە باخا بۆ نەناڵن | هەتا مردن هەزاران وەک هوزاران |
بە میلادی، وەفاتی، گەر ئەپرسن | درێغ بۆ حەپسە خان تەئریخە، یاران |
ئەگەر هیجریش ئەڵێن ئەو بوو مشوورخۆر | بە جیددی بۆ زەلیل و لەش بەباران |
ئەتۆش بێخود بڵێ دایم ڕووەو بەیت | بە هاوین و بە زستان و بەهاران |
خودا جێگەی بەهەشتی جاویدان کەی | بە جاهی جەددی خۆی و ئال و یاران |
6
[edit]گەر هودهودەکەی بادی سەبا بێ لە سەباتان | گەر تەختی سولەیمانییە ئەیخاتە هەواتان |
دوێنێ نەفەسم بوو بە عەتارخانەیی چینی | هێنای کە سەبا نامەیی موشکینی وەفاتان |
لەم گوڵشەنە گەر حاڵی دڵ و ڕۆحم ئەپرسن | ئەی مورغی زمانم شەو و ڕۆژ نەغمەسوراتان |
دڵ ڕۆییوە، بیستوومە ئەڵێن وا لە مەدینە | ڕۆح ماوە کە بیکەم بە فیداتان بە فیداتان |
چاوم کە لەلام گۆزەیە، ئەشکم بە مەسەل ئاو | خۆیشم کە لەلای ئێوەم ئەوا بووم بە سەقاتان |
سەد شوکری خودا چاکەوە بوو خەستەکەی ئێمەیش | ئەی دافیعی تیفووسی دەروون تۆزێ دۆعاتان |
بێخود کە هەتیوی دەری ئەولادی ڕەسوولە | نازدارە، فەرامۆشی مەکەن تۆ بی خوداتان |
7
[edit]لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە تۆراوە دڵی من
هەرچەند ئەگەڕێم بێ سەر و شوێن ماوە دڵی من
ئاخۆ بە چ شاخێکەوە گیرساوە دڵی من
یا خۆ بە چ داخێکەوە سووتاوە دڵی من
ئەو هەمدەمی غەمخوار و نەدیمی منە یا ڕەب
ئەو مەحرەمی ئەسرار و قەدیمی منە یا ڕەب
ئەو گەوهەری شەهوار و یەتیمی منە یا ڕەب
کەوتۆتە چ بەحرێکەوە، خنکاوە دڵی من
مەجنوونی دوو گیسوویی چ لەیلایێکە ئاخۆ
یا وامیقی جادوویی چ عەزرایێکە ئاخۆ
دێوانەیی ئاهوویی چ سەحرایێکە ئاخۆ
کام چیهرەپەری دیوە کە ترساوە دڵی من
ئەتلێتەوە گاهێ بە خەیاڵی خەت و خاڵی
ئەخولێتەوە گاهێ بە چرای شەوقی جەماڵی
نازانی ئەگەر چۆنە بەدەس دەردەوە حاڵی
وەک پووش و پەڵاشێکە بەدەم باوە دڵی من
لەو چۆڵ و بیابانە ئەبێ یاوەری کێ بێ
یا بەو کەژ و کێوانەوە سەوداسەری کێ بێ
یا لەت لەت و ئەفگاری موژەی خەنجەری کێ بێ
چۆن ماوە لە سەد لاوە کە کوژراوە دڵی من
بۆ چی نەڕژێ سەیلی سروشکم وەکوو باران
بۆ چی وەکوو یەعقووب نەبمە شوهرەیی شاران
لەو یۆسفە پرسیومە لە بێگانە و یاران
هەرگیز نییە سۆراغی لە هیچ لاوە دڵی من
بۆ خۆی بگریم یا نەفەسی پەردەدڕاوی
یا بۆ جگەری کون کون و سەدپارەکراوی
چی کردووە یا ڕەب، کە خەو و خواردن و ئاوی
دایم غەم و بیداری و خوێناوە دڵی من
چ بکەم، چ بڵێم، بۆ دڵەکەم کارییە دەردم
شاهێدی منن موویی سپی و چیهرەیی زەردم
خۆڕایی نییە ناڵەیی گەرم و دەمی سەردم
هەڵبەت بە بەڵایێکەوە ئاڵاوە دڵی من
ئەو سینە لە غەش خاڵییە، ئەو بێ ڕق و کینە
ئەو خادیمی شەرعی نەبەوی و میللەت و دینە
مەعلووم چووە بۆ خزمەتی سالاری مەدینە
وام زانی کە فەوتاوە، نەفەوتاوە دڵی من
قوربانی کەسێ بم کە بە قوربانی نەبی بێ
وەک بەندە سەگی دەرگەهی شاهی عەرەبی بێ
شاهی عەرەبی یەعنی قورەیشی نەسەبی بێ
جەرگی بە دوو ئەبرۆی ئەوە جنراوە دڵی من
زاتێکی وەهای گرتووە ڕۆحم بە فیدای ئەو
شاهان شەو و ڕۆژ دێنە قەدەمبۆسی گەدای ئەو
بێخود مەبە ئیتر بە ئومێد و بە تەمای ئەو
نایێتەوە لات گەر سەری داناوە دڵی من