دیوانی بێخود/ت
Appearance
1
[edit]کەی بێ تۆ بەهار بی و تۆ نیگار بیت و ویساڵ | بیبینێ ڕەقیب ڕۆحی لە داخا دەرچێت |
2
[edit]مەڵێ ئەی نازەنین بۆ شاری کۆیە کاکی ئێران هات | بفەرموو عەسکەری لەشکەرشکێنی شاهی گەیلان هات |
مەڵێ عەسکەر، بڵێ سەرعەسکەری سوڵتانی دین یەعنی... | غوڵامی شاهڕاهی بارەگاهی قوتبی یەزدان هات |
چییە یا ڕەب کە ناوی «کاک» ئەبەن زاهیر دەبێ شەوقم | دەڵێ بۆ زەڕڕەیێکی بێنەوا خورشیدی ڕەخشان هات |
دەمێ بوو سافییا نادیدە، دڵ، بووبوو بە پەروانەت | بە کامی خۆی گەیی بیستی کە وا شەمعی شەبوستان هات |
دەمێ بوو چاوەڕێی موژدەی قودوومی ئێوە بوو بێخود | خودا کردی نەسیمی پیرەهەن بۆ پیری کەنعان هات |
3
[edit]ئەوا ئەی شەمعی بەزم ئارایی دین، پەروانەکەی خۆت هات | بە شوعلەی ئاگری ڕووت جەرگ و دڵ بوریانەکەی خۆت هات |
لەبەر دەردی موخالیف بێنەوا وەک نەی ئەناڵێنم | بە شۆری شەوقی تۆوە سینە پڕ ئەفغانەکەی خۆت هات |
بە ئوممێدی شەکەرخەندێ لە غونچەی لێوی شیرینت | بە لالەی ئەشکەوە وا دیدە پڕگریانەکەی خۆت هات |
بە گۆزەی پڕ لە ئاوی دیدە و گەسکی موژە قوربان | لەبۆ تەنزیفی ڕێگەت خادیمی ئاسانەکەی خۆت هات |
ئیتر بۆ خاتری ڕیشی سپی شێخی ضیاء الدین | عیلاجێ! ڕووڕەشم، موستەغریقی عیسیانەکەی خۆت هات |
لە ئیکسیری نیگاهت مشتەخاکێ من نەکەی مەحرووم | کە بۆ ڕەمزێکی چاوت بێ سەر و سامانەکەی خۆت هات |
ئەمن قِطميری ئێوە و ئێوە اَصحاب الرَّقيمی من | لەبۆ کەهفی ئەمانت وا سەگی دەرگانەکەی خۆت هات |
فیدات بم بێ خەڵاتی مەعنەوی ئەم جارە قەت ناڕۆم | بە هەدیەی نەعتی تۆوە وا قەسایدخوانەکەی خۆت هات |
بە فیکری ئیلتیفاتی ئاسکەکەی شێرئەفگەنی چاوت | بە دەشتی شارەزوورا بێخودی دێوانەکەی خۆت هات |
4
[edit]مارت و نیسان، مایس و مانگی حوزەیران و تەمووز | ئاب و ئەیلوول و دوو تشرین و دوو کانوون و شوبات |
5
[edit]کە ساڵی مەغفیرەتی حاجی ساڵحم پرسی | لە شاعیرێکی وەکوو بێخودی بەدیعە نیکات |
ئەویش موناسیبی ئەو جانفیدایی ساداتە | وتی: شەهیدی سەحیحی موحەبەتی سادات |
6
[edit]بێخود ئەتەوێ قەسری قەناعەت بێ جێت | ڕازی بە بەوەی کە وا خودا داویە پێت |
گەر بچیە گەرووی تەنگی نەهەنگیشەوە، تۆ | ئەو ڕزقە کە دانراوە بۆت ئەی نێرێت... |
7
[edit]لَه الثَّنا کە بە مەقسوودی دڵ دووبارە گوڵی کرد | شکۆفەیێ لە درەختی ڕیازی ئیرسی نوبووەت |
سوئالی مەولیدی ئەم شاهزادەیەم لە خیرەد کرد | کە جێگەیان بووە هەر پایتەختی عیلم و زەکاوەت |
جەوابی داوە، بەرەو قیبلە دەستی هەڵبڕی، فەرمووی: | بدەی دەوامی ئیلاهی لەسەر سەریری دیانەت |
8
[edit]ئەی ساحەتی سەد جەننەت، دەشتی عەرەبوستانت | نادەم بە هەزار گوڵشەن، یەک خاری موغەیلانت |
بۆ لالەیی نوعمانت، داغدارە دڵ و جەرگم | داغدارە دڵ و جەرگم، بۆ لالەیی نوعمانت |
بێ پەڕتەوی ڕوخسارت تاریکە دڵی حیربام | بەم زەڕڕەیە بنوێنە، خورشیدی درەخشانت |
بۆ سەروی خەرامانت وەک قومری ئەناڵێنم | وەک قومری ئەناڵێنم بۆ سەروی خەرامانت |
عەقڵ و خیرەدی بردووم نەشئەی قەدەحی چاوت | پێوەندی هەوای کردووم تای زوڵفی پەرێشانت |
میحرابی دڵ و جانە، هێزی دەسی ئیمانە | عاسایی خەتیبانە، شمشێری خوراسانت |
بەو قیبلەیی ئەبرۆیە، ڕۆح گەر لە قەزای کۆیە | دڵ خادیمی لای تۆیە، سەر گۆیە لە مەیدانت |
خاقانە گەسک لێدەر، بۆ خادیمی بەرقاپیت | خوددامە بە ڕۆح قەیسەر، بۆ بانگوشی سەربانت |
ئەی سەییدی مەخلووقان ئاگات لە ئیمانی بێ | ئەو ساتە کە بوو قوربان، ئەم عەبدە بە قوربانت |
تۆ سیدرەنشین بازی، ساحێبی سەدئیعجازی | پێغەمبەری مومتازی، دەستی من و دامانت |
قورئانی نوعووتی تۆ، خەتمی بە بەشەر نایێ | بێخود چییە یا حەسسان، جیبریلە سەناخوانت |