دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ڵ
Jump to navigation
Jump to search
1
[edit]نموونەی ڕوویی تۆیە پەڕڕەیی گوڵ | فیدات بم ئەی بەنی جەرگ و پەڕەی دڵ |
توخوا ئەی گوڵ بەسە تۆ ناز و عیشوە | چییە ڕەحمێ بکەی جارێ بە بولبول |
نیگارا چی ئەبێ ماچێ کەرەم کەی | بکەی مەقسوودی ئەم بیمارە حاسڵ |
وەکوو ناڵینی من وایە لە عیشقت | فوغان و زەمزەمەی بولبول لەسەر چڵ |
بە توندی بەس بڕۆ، بێ، ڕۆحەکەی من | بە چاوما پێ بنێ با بەس بکا گل |
مەحاڵە تەرکی ساقی و یار و بادە | بەسە واعیز مەکە توخوا قسەی زل |
2
[edit]دڕک هاودەمیەتی بولبول، پەشێوە حاڵەتی بۆ گوڵ | بەهاران بۆیە ئەو دایم ئەکا هەر ئەم چڵ و ئەو چڵ |
لەلام وایە کە حەتتا خاکی ژێرکەوشی ڕەقیبانت | جەواهیرسورمەیە بۆ چاوەکانم، مەرهەمە بۆ دڵ |
زەمان بەم حیزییە، تالیع بە ئەم ناسازییە ئەمڕۆ | نیگاریش لوتفی وابێ چۆن ئەبێ من مەتڵەبم حاسڵ |
بەرامبەر ئەبرووانی کەوتمە سوجدە، وتی عاشق | ئەگەرچی قیبلەگاهی تۆ کەچە نوێژت نییە باتڵ |
تەوافی کەعبەیی دەرگانەکەت تەنها لە من مەنعە | لە قورئانا ئەڵێی ئایاتی ڕەحمەت قەت نییە نازڵ |
تەپوکۆی ترپەترپی دڵ، بە گرمە ئەمشەو ئەیباران | فیدای ئەو شۆخە، تەشریفی کە دێتە مەنزڵم باقڵ |
دەخیلم تۆ بزانە دەست و پەنجەی نازەنینێکە | بە گۆزەی تێمەگە حەیفە، توخوا تۆ مەیخەرە ناو گڵ |
وەکوو مووسا هەموو ئەعزای کە ئەیبیست ڕۆژی کێوی توور | لەسەر تا پێم ئەناڵێ وەقتی هیجرت نەک بە تەنها دڵ |
ئەزانی قەدری ئەحمەد کەی ئەزانن ئەهلی ئەم شارە | لە دنیا دەربچێ و بمرێ و بچێتە ژێری خاک و گڵ |