Jump to content

دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ن

From Wikisource

1

[edit]
شەمسەیە کوولەکەیی ڕۆحم و ئیمانی من شەمسەیە باعیسی ژین و سەر و سامانی من
شەمسەیە مایەیی کەیف و فەڕەحم ڕۆژ و شەو شەمسەخانە بەخودا شەمعی شەبوستانی من
شەککەری لێوی ئەوە مەرهەمی قەلبی زارم قەددی مەوزوونی ئەوە سەروی گوڵستانی من
پێی وتم شەمسە، خەجاڵەت بووە شەمسی خاوەر لەو دەمەی دیوییە ئەو سوبحی گریبانی من
بە سەری تۆ قەسەم ئەی یۆسفی کەنعانی من لێوی شیرینتە تووتی شەکەرئەفشانی من
شەمسە تۆ لازمە من وەختێ کە مردم جانا قەت فەرامۆشی نەکەی سنعەت و عیرفانی من
حوببی تۆ کافییە بۆ ئەحمەدی بێچارەیی خۆت لوتفی تۆیە بە خودا ڕوتبە و نیشانی من

2

[edit]
نموونەی چاو و ڕووتن مانگ و پەروین نەخۆشە دڵ، لە لێوت بێنە هەنگوین
لەسەر دینت ئەگەر تۆ موستەقیمی دە ئەمرم پێ بکە لاچم لەسەر دین
پەشێوە بولبولی دڵ بۆ گوڵی ڕووت فیداتم بۆچ ئەکەی زوڵفت بە پەرژین
گوڵاڵەی بێستوون ئێستەش بەهاران ئەڵێن پێت ماجەرای فەرهاد و شیرین
چ شیرینە خودایا ئەو نیگارەم بە باڵای ئەو بڕاوە ناز و تەمکین
نیگار شین پۆشە بۆیە ئاسمانیش هەمیشە ڕەنگی شینە وا دەکا شین
لەلای من دەرسی خوێند بولبول کە وا شەو هەتا سبحەینێ ناوەستێ لە ناڵین
وەکوو ڕەشماری زامار پێچ ئەخۆم من کە دیم وەستاوە زوڵفت چین لەسەر چین
بە ماچی لێوی تۆ ئەیدەم ئەگەر بێ قبووڵی کەی لە من تۆ چین و ماچین
خودایا چی ئەبێ زستانی مەیلی لە حەق ئەحمەد بکەی تاوێ بە هاوین

3

[edit]
مانگی ڕەمەزان هاتەوە بۆ بەختی شەڕی من ڕەنگ زەرد و زەعیفە گوڵەکەی سیمبەری من
بێ بادە و بێ ساقی و بێ بەرگ و نەوایە مەحزوون و پەرێشانە دڵی دەربەدەری من
گەر بێت و دەرم کەی بەخوا ڕۆژێ دووسەد جار هەر خاکی دەری تۆیە نیگار تاجی سەری من
فەرمووی بە من ئێستاکە لە غەم زار و زەعیفی جا لایقی بۆ حەڵقەیی دەوری کەمەری من
یارم بە نەزاکەت وتی دەردی دڵی زارت دەرمانی نییە غەیری لەبی وەک شەکەری من
لەو ڕۆژەوە وا دولبەرەکەم ڕۆییوە خەڵقە بێ نوورە لەبەر گریە و زاری بەسەری من
بولبول وەکوو ئەحمەد نییەتی زەمزەمە و شۆر عالەم هەموو بێدارە لە ناڵەی سەحەری من

4

[edit]
سا بێنە توخوا ساقی مەی و شیشە و فنجان ئەم بەزمە موعەتتەر بکە تۆ وەک گوڵی خەندان
گریانی من و ڕوومەتی تۆ ئەی بوتی ڕەعنا تەمسیلی ئەکەن شەونم و گوڵ سوبحی بەهاران
خۆت شێت کە ئەگەر تالیبی مەسعودیی بەختی چەند زەحمەتی دی ئادەمی بێچارە لە شەیتان
لەم مەنتیقەدا فەرقی نییە ئێستە موساوین یەکسان ئەنوێنێ ڕەوشی وەحشیی و ئینسان
مەعنایی وەها لێک ئەدەنۆ بەعزێ موەززەف قانوون ئەوەتە کەشفی بکەن باخەڵ و گیرفان
تاریکیی زوڵفت بووەتە باعیسی کوفرم سا دەرخە توخوا مەسحەفی ڕووت ئەی مەهی تابان
گریانی درۆی سۆفی و لێهاتنی حاڵی دەروێش بە فیدای زەمزەمەیی نەعرەئی مەستان

5

[edit]
باعیسی هێزی دڵ و پشت و پەنایی بێکەسان یانەیی سەرکەوتنی قەومی نەجیبی کوردەکان
واسیتەی ڕێگەی نەجاتی قەومی دڵسووتاوی کورد ئەی نیساری مەقدەمی تۆ بن بەجارێ ڕۆح و گیان
پێ و قدوومت خێر بێ یاڕەببی بڵند بێ پایەکەت شاد و مەمنوونن بە تەشریف هاتنی تۆ پیر و جوان
تۆ چرای بۆ ڕێگەیی تاریکی بەختی قەومەکەت ئەی بناغەی عیلم و سەنعەت وەی سەبەب بۆ حوڕ ژیان
میللەت ئێستە چاوەڕوانە بۆ نەتیجەی هیممەتت وەختی خۆ دەرخستنە جێگای هیوایی گشتمان

6

[edit]
چاوەکەم دوور بێ لە ڕووت وا چاوەکانم ژان ئەکەن هەر لە سورمەی خاکی ڕێگات ئارەزووی دەرمان ئەکەن
یەعنی ئاوی دیدەکانی من لە دووریی قامەتت وا بە خوڕ دێن هەر لە نەهری تانجەڕۆ و سیروان ئەکەن
پەرچەم و لێو و دەمی شیرینی یاری نازەنین هەر لە زوڵمات و لە ئاوی چەشمەیی حەیوان ئەکەن
جانفیدای ئەو دولبەرانەم وا بە خەندەی لێویان بێ موداوا زامی قەلبی عاشقان دەرمان ئەکەن
ئەو کەسانەی خادیمی دەرگای نیگارن دایما گاڵتە و سوحبەت بە تەختی قەیسەر و خاقان ئەکەن
لادە شاعیر تۆ لە باسی عیشقبازی و سەیری کە چۆن خەریکن چەن کەسێ ئێستا وەتەن وێران ئەکەن
جاهیلان بۆ ئیستیفادەی زاتی خۆیان ڕۆژ و شەو لەم موحیتە مەنعی عیلم و سەنعەت و عیرفان ئەکەن
ڕووڕەشی دنیا و قیامەت ئەو نەفامانەن کە وا هەجوی قەوم و میللەتی خۆیان بە پارە و نان ئەکەن
ئاسمان ئێستا وەها چەرخاوە جاهیل غاڵبە گوربە و ڕێوی خەیاڵی مەرتەبەی شێران ئەکەن
چەن کەسێکی تازە پیاکەوتوو لە کوورە دەرچوون پیاو کە چوو بۆ ئیش لە پێشا یۆقڵەمەی گیرفان ئەکەن
خەڵقە بەعزێ کەس لە ئینسانی چییان دیوە زەرەر وا هەمیشە مەشقی وەحشی و پەیڕەوی حەیوان ئەکەن

7

[edit]
سەیری کەن خەڵقینە توخوا حاڵەتی زاری وەتەن چەند پەرێشانە لەبەر غەفڵەت هەموو کاری وەتەن
وەختی تێکۆشانە ئەی قەومینە غەفڵەت تا بەکەی وا خەزانی کردووە ئێستێکە گوڵزاری وەتەن
خۆ وەتەن ئەمڕۆ نەخۆشە ئەم تەبیبی حازیقە چی ئەبێ بیکا موداوا قەلبی بیماری وەتەن
کوانێ خەڵقینە لەکوێن فیرقەی مونەووەرتینەتان چونکە ئەو فیرقە ئەزانن دەرد و ئازاری وەتەن
من بە باغ و گوڵستانی جەننەتی ناگۆڕمەوە خاکی ئەو جێگەی کە کوردە نەشتەری خاری وەتەن

8

[edit]
شاعیرانی کورد بەسە، بەس باسی زوڵف و چاو بکەن کەم خەیاڵی پەرچەم و کاکۆڵی ئاڵۆزاو بکەن
لابدەن کەم باسی سونبول یا لقی لاولاو بکەن ئێوە تەدبیرێکی حاڵی قەومی دڵسووتاو بکەن
زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن
ئێوە تەعریفی مەی و پیاڵە و گوڵ و سەهبا ئەکەن دائیمەن هەر باسی لەنجە و قامەتی ڕەعنا ئەکەن
سەرخۆشی خۆشە وە یا سەربەستی؟ بۆ چی وا ئەکەن تاکوو کەی ئێوە قسەی وا پووچ و بێ مەعنا ئەکەن
زووبە زوو تا ئیش لەدەس دەر نەچوە سا هەوڵێ بدەن
بێ کەس و بێ پشتیوانین ڕێگەمان دوورە وەرن حەیفە ئێوە وا ئەسیری دەستی چەن قەومی کەرن
بۆ چی نازانن لە توخمی کاوەیی ئاسنگەرن هەڵبکەن --- کوردی ئەم ئیدارە لابەرن
زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن
هەڵبکەن --- کوردی مەقسەدم تاڵان نییە پارە تەحسیل کردن و ڕووتکردنی کاروان نییە
غەیری مەکتەب بۆ تەداویی ئێمە هیچ دەرمان نییە هیچ سیلاح چاتر لە عیلم و سنعەت و عیرفان نییە
زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن
حەققە من شەو تا بەیانی ئارەزووی گریانمە شێت نەبووم وا دایمەن هەر مەیلی قوڕ پێوانمە
ڕۆڵە مردوو نیم بزانن شیوەنی کوردانمە بێت و تەحلیلی بکەن دیجلەش قنگاوی وانمە
زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن
وەک قەڵایێکی تەبیعی وایە شاخ و داخمان قەت لە بن نایە بە خواردن میوەیی ناو باخمان
جەننەتن شاری سلێمانی و سنە و سابڵاخمان ئیتتیفاقێ با بکەین لابەین لە دڵدا داخمان
زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن

9

[edit]
وەعدەیی فەرموو، کە بێتە کولبەیی ئەحزانی من بەڵکە ڕۆشن کا دوو چاوم یۆسفی کەنعانی من
لابە توخوا پڕتەوی شەمع و چرا، لەم مەحفەلە چونکە ئەمشەو هاتە مەجلیس ماهەکەی تابانی من
ئەشکی چاوم جارییە دایم لە هیجری قامەتت بەڵکوو بێتە ناز و لەنجە سەروەکەی بوستانی من
سەیری چەند شێتە تەبیبم هەر موداوای من ئەکا چونکە نازانێ کە ماچی دولبەرە دەرمانی من
پێی وتم بەم تیغی ئەبرۆمە سبەینێ ئەتکوژم تۆ ئەبێ شاد بی کە بوویتە قۆچەکەی قوربانی من
سایەیی گێسووی چەلیپات لابدە جانا لە ڕووت بۆچ بە زوڵمەت دائەپۆشی چاوەکەم قورئانی من

10

[edit]
قیامەت هەڵئەسێ بێت و قیامێ کا نیگاری من زەمانە تێکئەدا ئەمڕۆ نیگاهی چاوی یاری من
وتی: باوەش بە باڵای سەرودا کە و گوڵ بە بۆنۆ کە کە تەمسیلی ئەکەن ئەو دوانە بۆسین و کەناری من
بە ناز و عیشوە دیسان هاتە جواب، فەرمووی پیاڵە و مەی بزانە فەزڵی ئەمڕۆکە کە دیت چاوی خوماری من
گرفتارن لە داوی پێچ و تابی زوڵفی موشکینت هەزار عاشق نەوەک تەنها دڵی زاری هەژاری من
گوڵ و نەسرین لە خاکم سەوز ئەبن، گەر بێت و ئەو یارە لە ڕۆژێکی خەزانا بێتە سەر قەبر و مەزاری من
دڵم هاوینە بۆ وەسڵی، بەڵام ئەو مەیلی زستانە خەزانی بۆیە کرد خەڵقینە عومری وەک بەهاری من
هجوومیان کرد ڕەقیبان وەک ڕەوی سەگ دەوریان لێدام مەگەر شمشێری ئەبرۆی ئەو بکا ئێستاکە چاری من
بە خەندەی نازەوە فەرمووی، فڕێدە تۆ بەی و لیمۆ تەبیعەت دەستی خستووی جووتەمەمکی وەک هەناری من
بڕۆ ئەی وشکەسۆفی، با موبارەک بێ لە تۆ جەننەت من و پیاڵەی شەڕاب و وەسڵی شۆخی باویقاری من