دڵبەران داییم دەناڵم، دەمبەدەم شام و سەحەر
|
جارێ ناپرسی لە حاڵم، چاوعوقابی خۆش خەبەر
|
چاوعوقابی مەهجەماڵی، دوژمنی کوفر و زەلالی
|
نووری سیڕڕی لایەزالی، کاشفی «شَقَّ الْقَمَر»
|
کاشفی قەمەر دوونیمی، فاتحی دەرگای نەعیمی
|
شافعی «يَوْمُ الْأَلِيمي»، «أَنتَ لِي نورُ الْبَصَر»
|
نووری بینایی دوو چاوم، بێ فیدات ڕۆح و هەناوم
|
هەڵگیراوە خورد و خاوم، خواردنم بۆتە زەهەر
|
خواردنم خوێن و زوخاوە، سەبر و هۆشم لێ بڕاوە
|
ئاگری دڵ وا بەتاوە، میسلی شەمعی نێو فەنەر
|
وەک فەنەر دڵ پڕ لە نارم، باری عیسیان بۆتە بارم
|
ڕووسیاهـ و شەرمەسارم، من لەبەر «يَوْمُ الْخَطَر»
|
من لەبەر«يَوْمُ الْمَماتم» دێ کە قابیز بۆ حەیاتم
|
وا خەجڵ بێ هۆش و ماتم، نامێنێ هۆش و سەبەر
|
نامێنێ هۆش لەو سەعاتێ، ڕۆح دەگاتە جێی نەهاتێ
|
دەفتەری دونیام دەداتێ، نامێنێ مەیلی پسەر
|
نامێنێ مەیلی جیهانم، دێتە جونبش ڕۆح و گیانم
|
گەر لە گیر لاچێ زبانم، نێوی حەقمان دێتە بەر
|
نێوی حەق دێنم بە زارە، تەن گەلێک تەشنە و بیمارە
|
دڵ هەمیشە ئینتیزارە، هەر دەڵێ «ماءُ الْقَطَر»
|
ئاخ لەبۆ یەک قەترە ئاوە، ئەو دەمەی دونیا تەواوە
|
شاهـ و دەروێش تۆپێ جاوە، «قَد دَخَلْتَ في الْقَبَر»
|
تا قیامەت قەبرە ماڵم، دێن مەلاییک بۆ سوئالم
|
ڕەببی تۆی موخبیر بە حاڵم، نەمخەیە سەر ڕێی خەتەر
|
نەمخەیە سەر ڕێی زەلالەت، لێم دەپرسن زۆر بەشیددت
|
«قالَ مَن رَبِّکَ مَیّت» کێت پەرەست، کێت پێغەمبەر
|
کێت پەرستووە، کوا ئیمامت، مەزهەب و دین و کەلامت؟
|
حەشر و میزان و مەقامت، بۆم بەیان کە ئەو خەبەر
|
بۆم بەیان کە سیڕڕی قەلبی، ئەی خودایە تۆم تەبیبی
|
من دەڵێم اَللّه رَبِّي، با خەلاس بم لەو خەتەر
|
با خەلاس بین لەو مەقامە، ئاخری دونیا تەمامە
|
جەمعی ئۆممەت خاس و عامە، ڕێی حەشرمان دێتە بەر
|
دەشتی مەحشەر وا دەبەستن، جەمعی مەخلووق سەف دەبەستن
|
یەکهەزار ساڵ ڕادەوستن، لێمان ناپرسن خەبەر
|
ناپرسن لێمان چ حاڵە، دەشتی مەحشەر دێتە ناڵە
|
ئاگر و پۆلوو و زوخاڵە، نامێنێ حیلم و بەسەر
|
نامێنێ عیلاج و چارە، چەند هەزار کەس بێ ژمارە
|
باب لە فەرزەندی بێزارە، ئەو لەبەر شین و چەمەر
|
ئەو لەبەر گریان و شینە، قَالوا يَارَبِّ رَضِينَا
|
کوا محەممەد شای مەدینە، بۆچ لێمان نابێ خەبەر؟
|
بۆچ خەبەردار نابێ لێمان، سووت دڵ و جەرگ، قەلب و پێمان
|
یەکهەزار ساڵ حەشرە جێمان، کوا حەبیبی ڕۆژی حەشەر
|
کوا حەبیبی کوللی عالەم مَا تَقَدَّم قَبلَ آدم
|
پاک لە مەحشەردا بووین جەم، بوو زوخاڵ سەمع و بەسەر
|
بوو زوخاڵ سەمع و بەسەرمان، باری عیسیان کەوتە سەرمان
|
چاو کە هەڵنایە لە شەرمان، دەستەوئەژنۆ قوڕبەسەر
|
دەستەوئەژنۆ ڕۆدەنیشن، پڕگوناهان ڕادەکێشن
|
خێر و عیسیانمان دەکێشن، هەم بە میزان سەربەسەر
|
پڕ گوناهان دێن و چوونە، دەفتەری وان سەرنگوونە
|
فَاقْرَءُوا مَا تَفْعَلُونَ، قَدْ دَخَلْتَ فِي السَّقَرَ
|
ئەو سەقەر ئاور گڕینە، بۆ کوفاران زۆر بەتینە
|
دێتە سەر عالەم بە کینە، نامێنێ هۆش و خەبەر
|
نامێنێ هۆش لەو سەعاتە، دێ جەهەننەم بانگ دەکاتە
|
کوانێ تاریکەسەلاتە، چاوەڕێی وانە سەقەر
|
جێ و مەقاممان زەمهەڕیرە، باسی مەحشەر زۆر کەسیرە
|
پێغەمبەرمان دەستگیرە، چاکە بیکەین موختەسەر
|
موختەسەر کەین باسی زیللەت، دەکرێ حەشری کوللی ئوممەت
|
یەک بەڕەحمەت، یەک بەزەحمەت، ڕێی سیڕاتمان دێتە بەر
|
بۆن شەفیع کە تۆ بە ڕەحمەت، نەنخەیە تاریک و زوڵمەت
|
پێن عەتا کە قەسری جەننەت أَعْطِنَا طوبا شەجەر
|
دێتە بەرمان ڕێی سیڕاتە، بۆ گونەهبار، جێی نەهاتە
|
یا ڕەبی بندەی نەجاتە، بۆن شەفیع کە پڕ پێغەمبەر
|
تۆی شەفیعولموزنیبینە، لەو دەمەی ئاور بەتینە
|
تۆی پەنای مە شای مەدینە! بۆن شەفیع کە پڕهونەر
|
«ئەحمەدی کۆر»ی فەقیرە، حەق تەعالا دەستگیرە
|
باری عیسیانت کەبیرە، نەخەیە سەر ڕێی خەتەر
|