دڵ نەخۆش و زامداری دەردی یارم ڕۆژ و شەو
Appearance
دڵ نەخۆش و زامداری دەردی یارم ڕۆژ و شەو | گریە و شینە لەباتی کەسب و کارم ڕۆژ و شەو |
ڕۆژ و شەو دێنن خەیاڵی حوسن و زولفی بۆیە وا | بێ قەرار و غوسسەبار و بێ ویقارم ڕۆژ و شەو |
یا بە ئوممێدی ویسالم یا لەبەر دەردی فیراق | وا دەمێ شاد و زەمانێ بێقەرارم ڕۆژ و شەو |
ڕۆژ و شەو تەفسیری ئایەی حوسن و زولفی یار ئەکەن | وا گەهێ فەرهاد و گەهـ مەجنوونەوارم ڕۆژ و شەو |
شەو لەبەر عیدی ویسال و ڕۆژ لە ئازاری فیراق | خواب و خۆراکم نییە سەبر و قەرارم ڕۆژ و شەو |
پێی وتم مەگری کە ئازاری دڵت ساکین ئەبێ | هاتە سوێ کۆنەبرینی ساڵی پارم ڕۆژ و شەو |
لەو دەمە لەفزی کە جاری بوو، لە چاوم سەدهەزار | جۆگەلەی خوێن جارییە، بەحر کەنارم ڕۆژ و شەو |
خۆی نواند و لێوی گەست و لێم بزربوو لوجئەتەن | فەتحی کرد و ڕۆحی برد و غوسسەبارم ڕۆژ و شەو |
دەستی نایە سەر دڵم پرسی لە ئەسبابی مەرەز | تێگەیی وا لێدەدا نەبز و دەمارم ڕۆژ و شەو |
خۆ لەناو ئاوێنە وا مەعلوومە دەرد و عیللەتم | ئینتیزاری ڕەحمەت و دەرمان و چارم ڕۆژ و شەو |
چاوی ئاڵۆزە برۆی جووڵانەوە لێوی گەزی | پەنجە دەبزێوێ شوکر مەستە خەسارم ڕۆژ و شەو |
چاوەڕێمە چونکە وەعدەی ڕۆژی وەسڵی دا شەوێ | وا بە دائیم کاتیبی لەیل و نەهارم ڕۆژ و شەو |
شەو لەبەر جەژنی ویسال و ڕۆژ لە ئازاری فیراق | خواب و خۆراکم نییە وەڵلاهی یارم ڕۆژ و شەو |
شەو کە دەنگی هەلهەلەی دڵ هات و سابیر ڕاچەنی | خۆ بە بێ حیکمەت نییە وا ئینتیزارم ڕۆژ و شەو |
سابیری لەوساوە ئەو دڵدارە وەعدەی داوە پێم | ئینتیزار و کاتیبی لەیل و نەهارم ڕۆژ و شەو |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|