دڵی وێران لە هیجران بۆوە مەعموور
Appearance
دڵی وێران لە هیجران بۆوە مەعموور | حەسەن دووبارە بوو خۆشکەیف و مەسروور |
بە تەنها ئەو غەمەم ماوە لە دڵدا | کە بووم لەو بەزمەدا مەحروم و مەهجوور |
«سەعیدولمولکی دیوان» شوکری لیللا | دەڵێن مەشغووڵی شایی و شادییە و سوور |
بەڵێ، جێی شادمانی و ئینبیساتە | کە مایل بووی بە مەتڵووب و بە مەنزوور |
دەڵێن دەستبەندیانە ماهڕوویان | لەسەر سینە دەلەرزن زولف و بەرموور |
وەکوو پۆلی قورینگ و تاوس و کەو | کە دێن بۆ هەڵپەڕین خووبان بە جەمهوور |
کە دەس دەگرن بەڕیز بۆ هەڵپەڕینێ | وەکوو قاز و قورینگی سەربەرەژوور |
کچۆڵە و پیاو و ژن دەستیان لەدەس یەک | وەکوو عیقدی سوڕەییا وان، جەم و جوور |
لەسەر سمتانە پشتێندی شەدەی شل | لەبەر پێیانە لفکەی پووڵەکەی دوڕ |
لە ڕۆینە کۆترن، لەنجە مراوی | بە بازی هەڵپەڕین، ئاسکی کەفەڵ کووڕ |
گوڵ و گەردنلغ و گوارە و قەتارە | لە ئەستۆ و دەوری سەر، «نووری عەلا نوور» |
بە ڕوو سوور و سپی، چاوی گەش و ڕەش | بەبێ سووراو و سپیاو و کلی توور |
دەڵێن ئەوڕۆ وەتاغی تۆ بەهەشتە | کە پێیدا دێو و دەچن غیلمان وەکی حوور |
لەسەر ڕوودا بڵاو بوون خاڵ و پەرچەم | دەڵێی تێکەڵ کراون میشک و کافوور |
لەسەر کوڵمان عەرەق وەک شەبنەمی گوڵ | کە هێشتا لێی نەدابێ شیددەتی نوور |
خشەی شەڵواری خارا و ئەتڵەسە دێ | زڕەی خڕخاڵی زێڕ و زەنگی پاموور |
کراسی مەخمەڵی زەرد بوون لە تۆزا | تکەی ئارەق ڕەشی کرد چەکمەیی سوور |
لەلایێ هەڵکراون قۆڵی «زێوین» | لەلایێ دەرخراون پووزی بللوور |
قەد و ئەندام و سمت و پووز و پاشن | خڕ و باریک و گرد و شووش و ئەستوور |
کەنیزی وا دەبێ ڕەقس و سەما کەن | کە بەو ئەوسافە بن مەخسووس و مەشهوور |
«ئەدەب» نابێ لەنێو ئەو بەزمەدا بێ | هەتا لادەن کچان ڕووبەندی فەخشوور |
جلیت بازان لەلایێ هاتەهاتە | لە ترسی داری وان پشتی فەلەک کووڕ |
لەلایێ نێزەبازان حەملەوەر بوون | لە هێرشدان، دەدەن چەرخی فەلەک سووڕ |
دەبێ بێن «حاجی بابا» و «ڕەحمەتوڵڵا» | بڵێن ڕاک و حیجاز و شوور و ماهوور |
بڵێن «خانە» و «حەسەن» با بێن بە جووتە | بەدایم نەغمەخوان بن، مەست و مەخموور |
لەلایەک نرکەیی زوڕنا و دەهۆڵە | لەلایێ ناڵەیی نەی دێت و تەنبوور |
لە دەوری شاییدا، دوژمن بە حەسرەت | وەکوو گۆڵی مەڕی دەس کەن بە سەگلوور |
وەکوو ڕێی کەهکەشان، ڕیزی مەجوعمان | کە دێنن، دادەنێن بەو داب و دەستوور |
بە ئوممێدی عەتان خەڵکی لە دەورەت | سولەیمانی دەڵێی، ئەو عالەمە موور |
لەبەر شەهدی سەخات ئیجماعی عالەم | دەبینم دێیەکەت وەک شارەزەنبوور |
لە هەر لایێ دەڵێن هەر عەیش و نۆشە | هەزارخۆزگەم بە میوانی دەر و ژوور |
لە دەوری مەنقەڵی جەمعێک بە دەورە | دەکێشن، دادەنیشن بەنگ و کافوور |
دەبێ تەختێ دروست بکرێ لە سەندەڵ | دەبێ وەستا لە هیندێ بێ و لە لاهوور |
لەژێر تەخت ئێستری دوڵدوڵ سیفەت بێ | دەبێ ببنە یەدەک شەبدیز و لاهوور؟ |
دەبێ قەیسەر سەری مەحمیل بکێشێ | دەبێ مەیدان بماڵێ ئیمپراتوور |
خەدێوی میسر ئەبێ شەربەت بگێڕێ | دەبێ بێڵداری ڕێ بێ شاهـ و فەغفوور |
دەبێ موتریب «نەکیسا» و «باربەد» بێ | بە نۆرە دانەنێن قەت، ساز و سەمتوور |
دەبێ «شیرین» و «شەککەر» ببنە ساقی | لە زومڕەی نازران «پەروێز» و «شاپوور» |
«ئەسەد» دەیکا قڕانی هەردوو «سەعد»ەین | لەنێو بورجان بووە بەم بۆنە مەغروور |
دەبێ بۆ گاووگەردوونی، کەڵ و گا | دەبێ بۆ سەربڕین بێنن شەک و کووڕ |
خودا بکا دائیمەن وا شادمان بی | عەزیزی ئارەزووت خۆی بێ لەڕێی دوور |
هەمیشە دێیەکەت وا ئاوەدان بێ | وڵاتی دوژمنت وێران و خاپوور |
لە «داشاڵووجە»ڕا حوجرەی فەقێیان | لە دووریی مەوتەنی تۆم زار و ڕەنجوور |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|