دڵداریی لادێ
Appearance
دڵداریی لادێ سەیرێ جوانە | بۆت بەیان بکەم زۆر چاک بزانە |
کاتێ کوڕ و کچ تەمەن شەش ساڵن | یەک بۆ یەکتری دراوسێ ماڵن |
بەجووت ئەگەرێن لە دەشت و سەحرا | بێ دایک و باوک بێ خوشک و برا |
یا چێچەقولێ یاخۆ چاوشارکێ | گۆرانی وتن یاخۆ هەڵپەرکێ |
یا ماڵە کۆچێ یاخۆ گیا کەندن | بۆ باوک و برا نان بۆ دەشت بردن |
لە ڕێدا ترسی مەشکەدۆ ڕشتن | تاوێ راکردن تاوێ دانیشتن |
هەتا ئەگەنە سەرگێرە و خەرمان | ئەچنە ناوەراست کۆری دەشتەوان |
نانیان دائەنێن بەجووت دووبەدوو | ئەگەرێنەوە هەروا زوو بەزوو |
کاتێ دێنەوە بە گاڵتە کردن | هاشاوڵ بۆ گوێی یەکتری بردن |
کە ئەگەن بەئاو شەڕە ئاو پرژێن | تاوێ پێکەنین تاوێ شەرە جوێن |
ئەم چەپۆکێ لەو، ئەو چەپۆکێ لەم | ئەدەن لە یەکتر بەبێ زیاد و کەم |
کە ئەگەنۆ ماڵ هەر یەک ماڵ خۆیان | دایکیان خێرا نان دێنێ بۆیان |
هەتا تەمەنیان دە، دوانزە ساڵە | پێکەوە ئەبن ئەو دوو منداڵە |
ئەمجا کچ تۆزێ تووک ئەوەرێنێ | دەم وچاو ئەشوا و عیشوە ئەنوێنێ |
لە مورووی سەوز، لەشین و لە سوور | لەرزانە ئەکا برق بدا لە دوور |
پێچکەی کەڵانە یا قۆشەی عەجەم | ئاوێزان ئەکا لە زۆر و لە کەم |
بۆ کیسەی سەر سنگ سمڵ و ڕێحانە | تا بۆنی خۆش بێ ئەو کچە جوانە |
کڵاشی پەرۆ بەبەن ڕەش چنراو | کوڵەنجە، چیتی سوور، کۆن و داڕزاو |
قەڵاقۆچکەکەی بستێ جاوی سوور | کەچی روومەتی بە چەشنی بلوور |
سونکە سابونێ لەل لەتێ شانە | لەتێ ئاوێنە لە گیرفانیانە |
کوڕیش بستێ خام فەقیانەی ملی | کەواکۆن باوکی بۆ بەرگ و جلی |
نیوگەز چیتی سوور هەڵئەدڕێ سێ جار | ئەیداتە سەریەک درێژ وەکوو مار |
ناو ئاخن ئەکا لە پەڕۆی کۆنە | هەر من ئەزانم ئەو پەڕۆ چۆنە |
چەپاڵێ ڕەشتی، مێزەری سەری | چەپکێ گوڵ ئەدا لەبەر کەمەری |
بستە خامەکەی ئەخاتە سەرشان | دێت بۆ چاو بڕکێ، گوێ بانە و گوێ بان |
ئەگا بەکچە لە ڕێی کانی و ئاو | مەرحەبا گیانە، مەرحەبا سەرچاو |
ئەڵێت بە کچە خۆزگەم بە جاران | هەر پێکەوە بووین شەوسوو ئێواران |
بە پێکەنینۆ کچ دێتە وتار | چاو بڕکێ ئەکا لە گەڵیا جار جار |
تاوێ ئیشارە، تاوێ پێکەنین | کچ لە ترسانا بۆ باوک نواڕین |
کوڕ ئەڵێ بەکچ، وایە نیازم | گەر بۆم ڕێکەوێ هەر تۆ ئەخوازم |
حەزت لێ ئەکەم، سووچی خۆم نییە | دڵ لەسەر تۆیە، دەسەڵات چییە؟ |
کچ ئەڵێ بە کوڕ لاچۆ درۆزن | کەم گاڵتەم پێ بکە، پەن مەدە بە من |
کوڕ کە ئەزانێ وا کچ حەز ئەکا | بە پێکەنینۆ سوێندی بۆ ئەخوا |
وەو سەی سادقە، وەو میری سوورە | دڵم هەر بۆ تۆ چەشنی تەنوورە |
وە برایم سەمین وا لە گەرمیان | وە کابلەسووری ماڵ لە مەریوان |
وە نەبێ یۆنس، وە هۆمەر مەنان | دەستت نابڕم سەوڵی خەرامان |
بەڕاستی ئەڵێم گاڵتەت پێ ناکەم | داوای هەرچی کەن زوو بەزوو ئەیدەم |
بەڵام پەریخان، هیچ کەست نەمرێ | دەمەکەت بێنە ماچێکم بەرێ |
پەریخان: | |
بێفەڕ ئەو باڵا ئەو قول و قاچە | بەم ڕۆژە ڕوونە کەی وەختی ماچە؟ |
عالەم دیارە، ئابڕوومان دەبەن | لە ئاواییدا ئەمان کەن بە پەن |
شەریف: | |
ئەمجا کوڕ ئەڵێ گیانی شیرینم | بەوەڵڵا بۆ تۆ دڵ ئاگرینم |
ئەمشەو وادەمان کەلاوەی لاماڵ | بگەین بە یەکتر سا بە هەر ئەحواڵ |
پەریخان: | |
هەتیو ئەترسم دایکم بزانێ | تێر و پڕ لێمدا هەتا ئەتوانێ |
کاکم بزانێ لەت لەتم ئەکا | باوکم خراپتر لە ناوم ئەبا |
شەریف: | |
کچێ مەترسە، دنیا تاریکە | هاتمە کەلاوە بۆت ئەکەم فیکە |
کە فیکەکەت بیست هەڵسە بێ بۆ لام | ئیتر خوا حافیز وا من بە تەمام |
*** | |
لەویا جیا ئەبنۆ، ئەچنۆ ماڵ خۆیان | بەروبەر ئاوسێ ئەڕوانن بۆیان |
ئەمجا ئەم کوڕە زۆر بێ قەرارە | هەر چاوەڕێیە لە بۆ ئێوارە |
کاتێ کە شەو هات دنیا بوو تاریک | کوڕ لە کەلاوە ئەکا فیکەفیک |
کچ کە گوێی لێ بوو، خێرا هەڵئەستێ | هەتا کەلاوە هیچ ڕاناوەستێ |
کوڕ ئەڵێ هاتی؟ نووری چاوەکەم | ئارامی دڵی لێقەوماوەکەم |
کە ئەگەن بە یەک دەست لەمل کردن | دەم بۆ ڕوومەتی یەکتری بردن |
دەستێ لە سەر مل دەستێ لە سینە | بە دەم ماچ، بە دەس مەمکە گوشینە |
کچ ئەڵێ لاچۆ، وەی وەی دایە گیان | وازم لێبێنە بۆ خاتر قورحان! |
هەتا یەک سەعات هەر دەست بازییە | کچ و کوڕ لە یەک زۆر زۆر ڕازییە |
لە پاش سەعاتە ئەچنەوە بۆ ماڵ | هەر کەس بۆ جێی خۆی سا بە هەر ئەحواڵ |
دایکی کچ ئەڵێ ڕۆڵە لە کوێ بووی | بۆچی دیار نەبووی توخوا بۆ کوێ چووی؟ |
کچ دێتە وەرام بە هەزار قورحان | نیو سەعات چوومە لای باجی ڕێحان |
توخوا دایە گیان، یەکجار نەخۆشە | هێندە هیلاکە دڵ بۆی پەرۆشە |
دایک ئەزانێ کە بۆ کوێ چووە | بەڵام دەنگ ناکا، پیشەی خۆی بووە! |
دایک پەریخان: | |
کچی خۆم دەخیل ئامان سەد ئامان | باوکت نەزانێ، چووی بۆ لای ڕێحان |
بێت و بزانێ سەرت ئەبڕێ | بە چەقۆیە کول زگت ئەدڕێ |
کوڕ | |
کەوتە بەیانی کوڕ بە قیتەقیت | ئەخاتە ملی دەسەسڕێ چیت |
بۆستە خامەکە ڕائەوەشێنێ | بە بەردەم کچا عشوە ئەنوێنێ |
ئەو شەو تا بەیان هیچ نەبوە خەوی | ئەچی بۆ دەرگای یارەکەی شەوی |
ئەگەنۆ بە یەک ئەم دوو دڵدارە | ئەنواڕن بۆیەک هەتا ئێوارە |
نیوەڕۆ دوا کچی بەڵەک چاو | گۆزە هەڵئەگرێ بۆ سەر کانی و ئاو |
دیسان کوڕ ئەچێ بۆ ڕێگەی کانی | لە کۆڵانا شان ئەدا لە شانی |
وادە وەر ئەگرێ بۆ شەوی دووهەم | ئەچنۆ کەلاوە بەبێ دەرد و خەم |
کە لە کەلاوە نزیک یەک کەوتن | ئیتر حەرامە خواردن و خەوتن |
لە پاش دەسبازی و هەرا و زەنایان | دێنە سەر تەگبیر بۆ ئیساولایان |
بڕیارێ ئەدەن هەردوو دووبەدوو | نە ئەو ژن بێنێ نە ئەم بکا شوو |
بەیانی کوڕە زۆر بە بێ باکی | دەردی دڵی خۆی ئەڵێ بە دایکی |
دایە بزانە بێترس و ئازاد | کە من حەز ئەکەم لە کچ مام موراد |
بڵێ بە باوکم، نەڵێ مناڵە | گەر بۆم نەیەنێ ژیانم تاڵە |
دایک لە سەر جێ لە کاتی نووستن | وتی بە مێردە، گوێ بگرە لە من |
شەریفی کوڕت زۆر بە خاتر شاد | داوای ژن ئەکات، پەخەی مام موراد |
باوکی شەریف: | |
ئافرەت شەریفم هێشتا مناڵە | وازی لێبێنە دە دوازدە ساڵە |
دایکی شەریف: | |
ئەی هو پیاوەکە من خۆم ئەزانم | حەزی لێ ئەکات دەردی لە گیانم |
باوک: | |
جا بەڵکوو ئافرەت کچ نەبێ ڕازی | خوا خۆی ئەزانێ، کێ بێ دڵخوازی؟ |
دایک | |
نە نە پیاوەکە، ئەو خراپترە | پەخە بۆ شەریف تەواو حازرە |
باوک: | |
کچی مام موراد هاوماڵ من نییە | کچم ناداتێ دەسەڵات چییە؟ |
خۆی بەزل ئەگرێ، کچ نادا بە من | مەمخەرە تانەی گشت دۆست و دوژمن |
ئەو چوار پێنج بزن و مەڕێکی هەیە | یەک دوو پەلاس و بەڕێکی هەیە |
دوو دێزەی سوور و خوانەیێ گڵین | شەکردانێ دار، بەرماڵی شاڵین |
گوریسێکی گۆش، پەتێکی چڕاو | هەمانە کۆنێ لە گاڵ داگیراو |
بێڵێکی دارین بێژنگێ دڕاو | گۆزەیێ تازە و گوزەیێ شکاو |
کچم پێ نادا، خۆیشم خنکێنم | بەرامبەر بە ئەو من چۆن ئەنوێنم؟ |
دایک شەریف: | |
سا وەک تۆ ئەڵێی، قاروونە قاروون | چش دەوڵەمەندە، جەحەنم بە توون |
باجی ئامانی ژنی حیسابە | ئەزانێ کچی دڵی کەبابە |
با بۆت بەیان کەم زۆر جوان و زەریف | حەز ئەکا پەخە بیدە بە شەریف |
باوکی شەریف: | |
ئافرەت ئەو کچە بە نوشتەی قازی | بە ماڵی ئێمە قەت نابێ ڕازی |
چونکە ئەو کچە نازک و نازدارە | بێچوە دەوڵەمەند لە دێ دیارە |
با بیشم دەنێ، من هەر نامەوێ | بۆم بە خێو ناکرێ بۆ تەنیا شەوێ |
هەتا ئەم چەرخە وا بخولێتەوە | زامی هەژاران زوو بکولێتەوە |
تۆیشم پێ زیادە، بووکم بۆ چیە؟ | زۆردار نایەڵی هیچ سوودی نییە! |
ئەرنا من خۆم و شەریفی کوڕم | بە نووکی گاسن کێو هەڵئەدڕم |
گەر زۆردار نەیبا، بۆچی وا لاتم؟ | شڕ و شیتاڵ و زەبوون و ماتم؟ |
بووک کەوشی ئەوێ کە بیکاتە پێی | جاجمی ئەوێ کە شەو بنوێ پێی |
دایک شەریف: | |
نە نە پیاوەکە، کچە مەمنوونە | دڵی بۆ شەریف زار و زەبوونە |
باوک شەریف: | |
کەوتە بەیانی مامە ڕەمەزان | کەوشی کردە پێی کۆڵان بە کۆڵان |
سۆفی مەولان و کاکە ئەوڕەحمان | کوێخا باوەیس و لالە نەریمان |
بۆ ماڵ مام مراد سەرپاکی بردن | بۆ دەنگوباسی خوازبێنی کردن |
باوکی پەخە: | |
مام مراد وتی: دەروێش ڕەمەزان | کچم نازارە، ئامان سەد ئامان |
بۆت بەخێو ناکرێ مەچۆڕە ژێری | بەڵکوو کەنیشکێ تری بۆ بێری |
باوک شەریف: | |
وتی: هاچیت کرد سا بێ قەزابی | تۆ گەورەی منی ئەبێ ڕەزابی |
دەروێش و سۆفی کە ڕوویان تێکرد | گفتیان لێ سەند، زوو بە دەسوبرد |
دەسی ماچ کرا موبارەک بادی | یەک بۆ یەکتری بە ڕەویەی شادی |
لە پاش چەن بەینێ زەماوەن کرا | پەریخان بۆ لای ماڵ شەریف برا |
خەتای قانونی چەوت و چەوێڵە | قانوون کام قانوون؟ هەر فڕوفێلە |
گەر شەریف زۆردار وازی لێبێنێ، | هەر ساڵێ بووکێ ئەتوانێ بێنێ |
دەس ساق و چاو ساق، بۆ ئیش زۆر مەزبووت | بەڵام لە بەر جەور، تەواو ڕووت و قووت |
دەسڕەنجی شەریف ئەر زۆردار نەیبا | ساڵێ قیمەت کچ پەیدا ئەکا |
لۆکەی ساڵانەی سەلەمی حاجی | تووتن نیوەکار، بە ناعیلاجی |
بەش مامە شێخیش ئەبێ جیا بێ | یا لە تەکیە بێ، یا خانەقابێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|