Jump to content

دوێشەو لە خەوا دیم سەنەمێ نازک و نازدار

From Wikisource
دوێشەو لە خەوا دیم سەنەمێ نازک و نازدار (1956)
by عارف عورفی
308133دوێشەو لە خەوا دیم سەنەمێ نازک و نازدار1956عارف عورفی
دوێشەو لە خەوا دیم سەنەمێ نازک و نازدار شیرین دەهەنێ غونچە لەبێ وەک گوڵی گوڵزار
جانم بە فیدای بێ نەکوو جارێکی هەزار جار بۆ ئەو قەدە، ئەو قامەتە، ئەو لێوە شەکەربار
لاکین لە دڵا مات و مەلوول، عاجز و غەمبار
نازک سەنەمێ چاوی وەکوو نێرگسی شەهلا گەردەن بە مەسەل عەینی وەکوو گەردنی مینا
قامەت چ قیامەت چ بڵێم قامەتە هەڵسا دەستکردەیی ئوستادی ئەزەل حەزرەتی مەولا
دوور بێ لە بەڵای چاوی بەد و تەعنەیی ئەغیار
قابیل نییە مەدحی چ لە حوسنا چ کەماڵا ئەم نەوعە جەماڵە نەبووە هیچ لە خەیاڵا
ئەو قامەتە باریکە بەڵایە نەکوو باڵا گوڵ گوڵ وەکوو تاوووسە لە نەقش و خەت و خاڵا
دوور بێ لە بەڵای چاوی حەسوودانی بەد ئەفکار
لەو شەمسی ڕوخەی شەمسی فەلەک نەختێ حەیا کا دەورانی بەجێ بێڵێ بەرەو کۆی ئەوێ ڕاکا
شوعلەی کە لەسەر ئەرزە بەرەو ڕوویی سەما کا لازم نییە حاجەت بە زیا ڕەونەقی ناکا
دونیایە چراخانە شەو و ڕۆژی بە یەکجار
لەگەڵ ئەو حۆسن و جەماڵە کە هەیە ڕووت و پەرێشان بیبینە لەسەر تەوقی سەری تاکوو بە دامان
بەم بینینە بوو ماڵی من و عالەمێ وێران ڕۆژم بووە عاشوور و بە کوڵ کەوتمە گریان
بۆ ئەو گوڵی نازدارە وەکوو ئاهوویی تاتار
ئەمجا نەزەرم کردە جەماڵێکی بزڕکاو ئاڵۆز و تەواو پەرش و پەشێو پەرچەمی ژاکاو
لەم لاوە بۆ ئەو لاوە چەماوە قەدی لاولاو وەک توولە نەمامێ لە سەر و ژێری چەم و ئاو
بێ بەرگ و لق و پۆپی ڕزیو شوێنی سەرەوخوار
فرمێسکی ئەڕشت عەینی وەکوو هەوری بەهاری لێم پرسی بڵێ پێم چییە وا گریە و زاری
زارم بە فیدای تەنگی وەکوو غونچەیی زاری دەک موڵکی سلێمانی هەموو بێ بە نیساری
ئەسبابی چییە ئەی سەنەما گریە و ئازار؟
ئەو وەختە کە دیم ئاگری بەردایە گیانم هەر ئەو دەمە بێخود لەپڕا لاڵ بوو زمانم
بەو داغەوە وا ئاخری هات وەقت و زەمانم هاوارە ئەوا دەرچوو لە تەن ڕۆحی ڕەوانم
ناڵەم ئەچووە چەرخی فەڵەک گونبەدی دەوار
پێم گوت سەنەما بەهری خوداوەندی نەدیوە بەو حوسن و جەماڵەی کە خودا داویە بە ئێوە
جوابی بدە ئەی ڕۆحی ڕەوان لەو دەم و لێوە فریام کەوە ڕۆحم لە بەدەن دەرچوو بە پێوە
غەم بوو بوو ئەنیسم غەمی تۆیش لێم بووە سەربار
ڕۆحم بە فیدات بۆ چی وەها مات و حەزینی ئەسبابی چییە ئەی سەنەما چاو بە گرینی
وا مات و مەلوولی شەو و ڕۆژ گۆشەنشینی خۆزگەم بەوە ئەمزانی چییە بۆ چی غەمینی
مردم لە غەما خەڵقە دەخیل فرسەتە هاوار
لێم هاتە جواب و گوتی من مادەری کوردم مەعلوومە کە پەروەردەکەری کوردی نەبەردم
بێشک نییە ئێستە کە ئەبینی ڕوخی زەردم سەد خۆزگە بە سەد خۆزگە کە من زووتر ئەمردم
نەمدیایە نەوەم ببنە ئەسیر خادمی خوێنخوار
من مادەری کوردانی زەمان هەر وەکوو شێر بووم شێرانی نەبەرد دایکی کوڕی کوردی نەبەرد بووم
ژێردەستی نەوەی من بوو هەموو مەملەکەتی ڕووم ئێران و هەموو موڵکی خەتا خاکی قەراقووم
ئەمبەخشی هەموو تاجی سەری قەیسەر و سەردار
میران و شەهانێ کە لەسەر ئەم ئەرزە ئەژیان کوردانی نەوەی من بوون لەسەر کورسیی دەوران
لەو بەحری ڕەشە بگرە هەتا خاکی خۆزستان بێ غیرەتیان ئاخری گشت دەرچوو لە دەستیان
ئێستە کە زەلیل، زار و زەبوون غەمگین و لێو بەبار
ئەو وەختە کە من بیرەوەری دایکی وەتەن بووم فەرماندەری دەور خانمی سەر موڵکی خوتەن بووم
کەس ناوی نەبوو غەیری نەژادی من و من بووم بەخوا ئیتر موستەحەقی دەفن و کەفەن بووم
ئێستەم کە ئەبینی شەو و ڕۆژ عاجز و بێزار
هەر ڕۆڵەیی من بوون لە جیهانا هەموو پێشڕەو دائیم لە حەشەمدا وەکوو شاهی کەی و خوسرەو
ئێستە کە هەموو خادمی دەرگاهی ئەم و ئەو برسی و ڕەش و ڕووت، بێ خەبەر و چاوی پڕی خەو
بەو نەوعە ئەبن بۆ گەلی بێچارە مەدەدکار
عیبرەت بکە بیبینە وەرە دایکی دراوسێم داپۆشراوە ئەندامی سەراپا لە زەڕ و سیم
ئەمجا وەرە بنواڕە منیش ڕووتم و برسیم ئەیزانی کە چی بووم و ئەمێستاکە کە من چیم
ئەولادی ئەوان بوون هەموو سالار و بە سەردار
غەیر من نەوەکەم گشتی لەبەر بوخل و حەسادەت خاڵی لە وەفا، دوو ڕووییان بۆتە عیبادەت
دەستی تەمەع و تەبنیان لێ بووە عادەت ژێر دەست ئەکەون دەرچوو لەدەست حوکمی سیادەت
بەسیە کوڕەکانم ببنە دارێکی بەردار
بۆ خاتری خوا بەسیە لەمەو لاوە حەزەر کەن ئەم تەوسییەیی دایکی خۆتان نەختێ لە بەر کەن
زوو هیممەتێ ئەم خاکە لە بێگانە بە دەر کەن ئەی ڕۆڵە کڵاوی ئەبەدی مەردی لەسەر کەن
ڕۆڵە وەرە غیرەت کە خێرا من بکە ڕزگار
ئەی ڕۆڵە ئەمە غیرەتە من لێوە ئەبینم سەرپۆشی سەرم بۆتە سەما فەرشە زەمینم
زوو کە وەرە ناو هەڵمەتی مەردانە ببینم سەرکەوتنی خۆتان و گەلان تاکوو ئەمێنم
غیرەت بکەن و دەس بدەن و بێنەوە بەرکار


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).