خەیاڵ پڵاو
Appearance
عابدێک کونجی مزگەوتێکی گرت | بە شەو و بە ڕۆژ عیبادەتی کرد |
بەقاڵێکیش بوو، دراوسێی مزگەوت | جار بە جار چاوی بە عابد ئەکەوت |
وتی: ئەم پیاوە کاسبی ناکا | چاوەڕێی خێرە بۆ من وا چاکە |
بە خێری مردووم هەموو ئێواران | هەنگوینی بەمێ لەگەڵ دوو سێ نان |
بەڵکوو تێر بخوا و ببوژێتەوە | ئاگری برسیەتی بکوژێتەوە |
بە دڵێکی تێر، بۆ شەونوێژ هەڵسێ | بە دۆعای ئەو خەڵک لە خەم بڕەخسێ |
بەو نییەتەوە لە ڕێی خوادا | نان و هەنگوینی بە عابد ئەدا |
چەند ڕۆژێک عابد نەفسی خۆی تێر کرد | کووپەڵەی هێنا و پاشەکەوتی کرد |
نانی وشکی خوارد هەنگوینی هەڵگرت | زۆری پێ نەچوو کووپەڵەی پڕ کرد |
ڕۆژێکیان ڕوانی وا کاسەی پڕ بوو | نەفسی غالب بوو تەمای لێ خڕ بوو |
کووپە هەنگوینی لە تاقا دانا | بۆی کەوتە خەیاڵ چاوی خۆی لێک نا |
وتی: ئێستا ئەم هەنگوینە جوانە | دە ڕووپیەم بەنێ هێشتا هەرزانە |
وا چاکە ئەمڕۆ بیبەم بیفرۆشم | بیدەم بە مەڕی شیریی بیدۆشم |
ساڵی ئایەندە مەڕ ئەبن بە دوان | زاووزێ ئەکەن بۆم ئەبن بە ڕان |
ڕۆن و خورییان ئەکەم بە پارە | ئەیدەم بە موڵکی خورگە و ئاوبارە |
موڵک لە دەست ئاغا و بەگزادە ئەبڕم | موڵکی مەلیکە خەیاڵیش ئەکڕم |
موهەندس دێنم لە ئەوروپاوە | بە سەر گردەکەی لای کانی باوە |
کۆشکێک ڕاکێشم خەوەر نەقداری | ناوی خۆم ئەنێم شای کوردەواری |
خەیاڵ بێ و بۆر بێ، زۆر بێ با خام بێ | پیاوی خەیاڵباز ئەبێ ناکام بێ |
بای دایەوە سەر خەیاڵی هەنگوین | خۆی بردە ڕێزی شای خاوەن نگین |
ناردی کچی شای عەجەمی هێنا | نەدی و بدی بوو ئاخری نەهێنا |
حازر و بزر کوڕێکی لێ بوو | بۆ جێنشینی ئومێدی پێ بوو |
کوڕەکە ڕۆژێک لە ڕوویا وەستا | جنێوی پێدا، قینی لێی هەستا |
دارێکی لێدا بە دەم دارەوە | هەنگوین بە ڕیشیا هاتە خوارەوە |
تومەز دارەکەی کەوت لە کووپەڵە | هەنگوینەکەی بوو بە دڵوپەی پەڵە |
بە قاڵبێک سابوون ڕیش پا بووەوە | هەنگوین و خەیاڵ لێک جیا بووەوە |
ئێوارەی لێ هات بە سکی برسی | لە شەونوێژەکەی پێشووی نەپرسی |
کۆشک و ژنەکەی کەوتەوە بیری | ئەمجا نەیزانی بۆ کامیان بگری |
بە نائومێدی لە نوێژی لادا | بەو بەنگوباوە خەمی بە با دا |
بە شوێن خەیاڵا کەوتە بەنگ کێشی | شاهی لە دەست چوو کەوتە دەروێشی |
پێ هەڵخزێنە وەسوەسەی ئیبلیس | ڕیشی تەماعکار بە قنگی موفلیس |
1926/10/15
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|