خەیاڵێکی وا، هاتوە بە سەرما
Appearance
خەیاڵێکی وا، هاتوە بە سەرما | لە عالەم پرسم بۆ گەرما و سەرما |
بزانم ئاخۆ لەم دوانە کامیان | چاکەی زۆرترە بۆ نەوعی ئینسان |
ئەیزانم فیکری دوو کەس یەک ناگرێ | وا چاکە بابی فەتوا داخرێ |
ئەوی قەڵەوە دڵی پڕجۆشە | دیارە کە دەڵێ، هەر سەرما خۆشە |
ئەوی کە لەڕە و بێهێز و تینە | ئەڵێ سەد شکور کە وا هاوینە |
پاڵتۆی فەردەیی و قۆندەرەی پۆستاڵ | لە کۆڵمان کەوتن بووبووینە حەمماڵ |
ئەتوانین لە دەشت بێ لێفە و سەرین | بە سەر ئازادی شەو بەسەر بەرین |
بەڵام دووپشک و مار پەیدا بووە | قەیناکا پیشەی ساڵانی زووە |
هاوین هیچ نەبێ بامیە و باینجان | لەگەڵ تەماتە زۆرە بو لێنان |
هەندێکمان هەیە کە باینجانین | هەندێکی تریش غەریب سنجانین |
هەمەدان جێگەی غەریب سنجان بوو | زۆر کەسی ئێمەی پێ ماڵوێران بوو |
دەردی هەمەدان کەوتە دەرگەزێن | مونەووەران بوون بە مەلا بەزێن |
کەس لەسەر حاڵی پێشوو نەماوە | سوێندی درۆمان بە شەرەف باوە |
ڕەحمەت لەو کەسەی کە جنێو ئەدا | ئەڵێ: هەی ئەشراف لاچۆ تۆ خودا |
لافاو سیروانی لێڵ کرد بە یەکجار | ماسی زل کوێر بوون کەوتنە کەنار |
دەردەگایش زۆرە و کوللە لە ناوە | تەرزەیش کوتاینی هیچمان نەماوە |
خوا بکا ئافەتی ئەشرافمان نەبێ | زموستان شەبێ، زێ پیران تەبێ |
قەی ناکا مەعاش لە جێی خۆیەتی | گول بە دوو بەهار ڕەنگ و بۆیەتی |
بە ئیعتیادی و بە فەوقولعادە | دوو بەهارین «دەی» ساقی سا بادە |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 527 و 115
1937/05/24
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|