خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 1/ئەم کتێبەم چۆن نووسی؟
ئەم کتێبەم چۆن نووسی؟
[edit]لە دوای ئەمە کە لە جێگەی تەعبیری عموومیی «عوسمانی»، لەفزی «تورک» و «تۆرانی» لە تورکیادا باوی سەند، بە تەبیعەت وەکوو ئەفرادی میللەتەکانی تر، منیش لە ناو ئەو کۆمەڵەدا غیرەتی خۆم چاکتر حیس کرد و غرووری قەومی، مەجبووری کردم کە لە هەموو فرسەتێکدا ئەم حیسسەی خۆم ئیزهار بکەم، بەڵام دەرحەق بە ئەسڵ و تەئریخی قەومەکەم هیچم نەئەزانی، چونکە تا ئەو وەقتە نە لە مەکاتبدا فکرێکی وامان درابوویە و نە لە دواییشدا زەروورەتی تەدقیقی تەئریخی کوردمان دیبوو و کەلیمەی جامیعەی «عوسمانلی»، ئەعسابی قەومییەی هەموومانی تا دەرەجەیەک خاو کردبووەوە، بارها ئەم سوئالەم لە خۆم ئەکرد: قەومی کورد لە چ نەتەوەیەکە؟ چی بە سەر هاتووە؟ بەڵام نەمئەتوانی جەوابێکی باشی بۆ بدۆزمەوە؛ بە ناعیلاجی لە چەند گەورەیەکی کوردم پرسی، حەتا لەوانە دوانیشیان لە مامۆستاکانی تەئریخ بوون، یەکێکیان ئەسڵی کوردی بە ڕیوایەتێکی موشەوەش بردەوە سەر کوردی کوڕی عەمرۆی قەحتانی؛ ئەوی تریشیان کردینی بە نەتەوەی دێوێک کە «چاساد»یان پێ گوتووە. بەڕاستی ئەم دوو جەوابە بێخێرە زۆر سەغڵەتی دام و لەگەڵ ویجدانی خۆمدا قەول و بریم کرد کە خۆم تەدقیقی ئەم موعەممایە بکەم. زاتی بوونم لە ئەستامۆڵدا فرسەتێکی باش بوو، وەقتی بێئیشیی خۆم بۆ ئەم تەدقیقاتە دانا و لە ئیبتیدای ١٣٢٦ی ڕۆمییەوە دەسم کرد بە زیارەتی کتێبخانەکانی ئەستامۆڵ. فرسەتی ئەم خدمەتەم کەم بوو، چونکە هەموو ساڵێک شەش حەوت مانگ لەگەڵ قۆمیسیۆنی حدوود لە دەرەوە خەریک ئەبووم، لەم فرسەتە کەمە زۆرم ئیستیفادە کرد و تا ئەواخیری ساڵی ١٣٢٨ی ڕۆمی، چەند سەد ئەسەرێکم موتاڵا کرد و نۆتێکی زۆرم گرت. بەخت و تاڵع لە ١٣٢٩دا بە وەزیفەیەکی ڕەسمی گەیاندمیە ئەورووپا؛ لە ئەڵمانیا و فەڕانسەدا زۆر کتێبخانە و مووزەم زیارەت کرد و زۆر ئاساری نادیرەم چاو پێکەوت و نۆتێکی زۆرم کۆ کردەوە و دەرحەق بە کوردایەتی، سی چل کتێبێکی باشی موستەشریقینیشم کڕی، بەڵام لە دوای گەڕانەوەمان زۆری پێ نەچوو شەڕی گەورە دەسی پێکرد و وەزیفە، ئەم تەدقیقاتەی پێ دوا خستم.
لە دوای شەڕی گەورە، کە چوومەوە ئەستامۆڵ، سەرلەنوێ دەسم پێکرد، کتێبە تازەکانم باش موتاڵا کرد، نۆتەکانم ڕێک خست و دەسم کرد بە نووسین و دووسەد لاپەڕەیەکم حازر کرد. ئەوەندەی پێ نەچوو لە ساڵی ١٣٣٥ی ڕۆمی (١٩١٩ی میلادی) و لە جەژنی قورباندا تووشی موسیبەتێکی گەورە بووم، لە وەقتێکدا کە لە ماڵەوە نەبووم، گەڕەکەکەمان ئاگری تێ بەربوو و خانووەکەی منیش لەو ناوەدا سووتا و هیچمان بۆ دەرنەچوو. بە تەبیعەت ڕەنجی پێنج شەش ساڵم لە دەس چوو، نە نۆتە ما و نە کتێب؛ ئەم موسیبەتە گەورەیە بەڕاستی زۆر مەئیووسی کردم و چار ناچار وازم لێ هێنا.
لە دوای ئەم مەئیووسییە، بە دە ساڵ، یەعنی لە ١٩٢٩ی میلادیدا ڕۆژێک لە کتێبخانەی مەجلیسی نوابدا «ئەنسقلۆپەدیای ئیسلام»م چاو پێکەوت و بۆ موتاڵاکردن بە ئەمانەت وەرمگرت. تەماشام کرد ئەم ئەسەرە نایاب و تازەیە، کە لە ١٩٠٥دا لە تەڕەف هەیئەتێکی موتەخەسیسەوە دەسی پێکراوە و هێشتا تەواو نەبووە، لە جڵدی دووەمیدا بەحسێکی مەخسووسی کوردی تیایە لە تەڕەف موستەشریق و عالمێکی زۆر بەناوبانگەوە کە «فۆن مینۆرسکی»یە، نووسراوە. بە شەوقێکی زیادەوە دوو سێ جار خوێندمەوە. ئەم موتاڵایە مەیلی کۆنی تازە کردمەوە و سەرلەنوێ قەرارم دا کە لە سەر ئەو ئەساسە، «خولاسەیەکی تەئریخی کورد و کوردستان» بنووسم.
لە پێش هەموو شتێکدا هێنام ئەو ئەبحاسەی کە لەگەڵ کورد و کوردستاندا موناسەبەتی بوو، هەمووم تەرجومە کرد؛ لە پاشدا، بە گوێرەی بیبلۆغرافییەکەی، ئەو ئەسەرانەی کە ئیشارەتی بۆ کردبوو، هەوڵم بۆ پەیاکردنی دا، بەعزێکم دەس کەوت و بەعزێ ئەسەری تازەشم پەیا کرد. بەعزێ لە دۆستانیش لە خسووسی پەیاکردنی بەعزێ کوتوبەوە یارییەیەکی زۆریان دام و لە ئیرشاد و ئەفکاری عالمانەی مودیری دائیرەی ئاساری عێراق کە «سێر سیدنەی سمیت» بوو، زۆرم ئیستیفادە کرد. ئەسەرە نایابەکەی خۆی لەگەڵ بەعزێ ئاساری تردا بۆ ناردم و موتالەعەیەکی باشیشی دەرحەق بە کوردستان بۆ نووسیم.
لە دوای کۆکردنەوەی ئەم ئاسارە، کە ناوەکانیانم لە نیهایەتی ئەم جڵدەدا نووسیوە، لە ئیبتیدای ساڵی ١٩٣٠دا دەسم کرد بە سەعیکردن. نەبوونی وەزیفەی ڕەسمییەشم فرسەتێکی باش بوو و بە سەعیەکی بەردەوام نزیکی ساڵێک خەریک بووم. لەم موددەتەدا ئەم جڵدە کە زوبدەیەکی تەئریخی کورد و کوردستانە، لەگەڵ بەشێکی جڵدی دووەم، کە تەئریخی حکووماتی کوردە، «تەئریخی وڵاتی سلێمانی» و بەشێکی کتێبی «پیاوە گەورەکانی کورد» پێ گەیەنرا.
بەعزێ لە دۆستان ویستیان کە ئەم کیتابانە یا بە عەرەبی یا بە تورکی بنووسم؛ بەڵام بەڕاستی لام موناسیب نەبوو کە تەئریخی کورد و کوردستان لە تەڕەف کوردێکەوە لە هەمووی زیاتر بۆ کورد بە زمانێکی غەیرە کورد بنووسرێ. مەلا ئیدریسی بتلیسی، کتێبی «هەشت بەهەشت»ی بە فارسی بۆ سوڵتان بایەزید نووسی، زەرەری نەبوو، چونکە تەئریخێکی عوسمانی بوو، بەڵام بە عەقیدەی من شەرەفخانی بتلیسی نەئەبوو «شەرەفنامە» کە تەئریخێکی کوردە، بە فارسی بنووسێ. خولاسە بەم قەناعەتە، بە کوردی نووسیم بەڵام لەم نووسینەدا دوو شتم بە ئەساس دانا:
١. کەلیماتی کوردیم وەکوو چۆن ئەبێژرێ، وا نووسی، بەڵام ئیملای کەلیماتی عەرەبی و فارسیم تێک نەدا، چونکە ئەوەڵەن حەقم نەبوو، سانیەن، ڕەنگە سەریش لە خوێندەواران تێک بدا.
٢. لەباتی ژێری ئیزافە «ی» و لە جێگەی سەر «ە» و لە باتی بۆر «و»م دانا، نەمویست حەرفی زیادە دابنێم. واقیعەن تەلەفوزی «ل» و «ر» و «و» لە زبانی کوردیدا چەند نەوعێکە، بەڵام ئەمانە لە مەوقیعی خۆیدا بە سەرنجدان فەرق ئەکرێ.
من قەت ئیددیعای ئەوە ناکەم کە ئەم کتێبە تەئریخێکی تەواو و بێقسووری کوردە، بەڵکوو بە عەکسی ئەمە، ئەڵێم قسووری زۆرە؛ لەگەڵ ئەمەدا کە نەتیجەی تەدقیقی دووسەد و پەنجا جڵدێک ئاساری ئینگلیزی و فەرانسیزی و ئەڵمانی و عەرەبی و تورکی و فارسییە، دیسانەوە نوقسانە و تەنیا ئەساسێکە بۆ لاوان و خوێندەوارانی کورد و ئەتوانن بە شێنەیی ئیکمالی بکەن. بۆ ساغکردنەوەی تەئریخی قەدیمی کورد، لە هەمووی زیاتر هەوڵم دا و چوار جار ئەم بەحسەم سەرلەنوێ نووسی و بە دەرەجەیەک، بە یارمەتیی ئاساری تازە و بەقیمەت ساغم کردەوە و ئەگەر بە تەواوی و بەبێ شوبهە ئەم بەحسە ساغ نەکرابێتەوە ـ وا ئەزانم ـ خەتای من نییە، چونکە ئاسار و وەسائیقی ئێستا هەر ئەوەندە موساعەدەی کرد. بەڵام ئومێدم هەیە کە مەساعیی گەرم و بەردەوامی هەیئەتەکانی ئاساری قەدیمە، لە موستەقبەلێکی نزیکدا ئەم بەحسە زیاتر تەنویر ئەکا.
لە بەشی وقووعاتی تەئریخییەی کورد و کوردستانیشدا حادیساتێکی مەربووت و مونتەزەم نابینرێ. سەبەبی ئەمەش، نەبوونی مەباحیسێکی مەخسووسە دەرحەق بە قەومی کورد. ئاساری شەرقییە و غەربییە، باسی کورد و ماجەرای بەعزێ ئەقسام، یا پیاوە گەورەکانی کوردیان تەنیا بە موناسەبەتی بەعزێ حادیساتەوە کردووە و ئەم بەحسانەش وە نییە یەک لە دوای یەک بێ؛ ئەغڵەبیان نوقسان و پچڕپچڕە. مەسەلەن «الکامل» باسی «جەعفەر»ناوێکی گەورەی کوردت بۆ ئەکا، کە دوو دەفعە لەشکری خەلیفەی عەباسی «ئەلموعتەسەم»ی لە شاخانی «داسنی»دا شکاندووە، بەڵام دەرحەق بە ئەسڵ و فەسڵی و سەرگوزشتەی، هیچ خەبەرێک نادا.
ئیبنی میسکوەیهـ لە کیتابی «تجارب الأمم»یدا باسی «ئەحمەد کوڕی زەحاک»ی کورد ئەکا، کە لە ناو لەشکری میسردا و لە قۆماندای «ئیبن سەمسام»دا بووە و لە وەقتێکدا کە لەشکری میسر بەرامبەر بە ڕۆم لە سووریەدا شکاوە، ئەم قەهرەمانە بە تەنیا سوارە، هەڵیکوتاوەتە سەر سەرداری ڕۆم و کوشتوویەتی و بۆتە سەبەبی غەلەبەی لەشکری میسر (٣٨١ی هیجری)، بەڵام دەرحەق بە ئەسڵی و دوایی حەیاتی ئەم قەهرەمانە مەعلووماتێک نادا.
خولاسە، لە ئاساری غەربییە و شەرقییەدا دەرحەق بە تاریخی کورد مەعلووماتێکی ڕێکوپێک نییە، یاخود بۆ من نەدۆزرایەوە و بەدوور نییە کە ئەگەر دەوام لە سەر تەدقیقات بکرێ، ئەم نوقسانە کەمێ زۆرێ لە ناوا هەڵگیرێ و ئەم خدمەتەش وەزیفەی لاوانی ئیمڕۆ و سبەینێیە. لەم خسووسەوە زۆر تکایان لێ ئەکەم کە وەکوو بەعزێ موحەڕڕیڕینی کوردی دوێنێ و ئیمڕۆ، لە تاریخ نووسیندا تابیعی حیس و خەیاڵ نەبن، لە خۆیانەوە هیچ هەڵنەبەستن و حادیساتی تاریخییە نەگۆڕن. بۆ ئەو بەحسانەی کە ئەینووسن، وەسیقەیەکی موعتەبەر و مەعرووف نیشان بدەن؛ ئەگەر وا نەکەن، ڕەنجیان بە زایع ئەچێ، نووسینەکەیان قیمەتێکی عیلمییەی نابێ و لە لایەکی تریشەوە خۆیان و قەومەکەشیان تڕۆ ئەکەن. من بە گوێرەی تەدقیقات و تەتەبوعاتی خۆم، بە تەواوی تێگەیشتووم کە قەومی کورد و تاریخەکەی، هیچ موحتاجی ئەم نەوعە شتانە نییە، مەفاخری تاریخییەی زۆرە، ئەبێ بۆی بگەڕێین و بیدۆزینەوە، وەزیفەی پێگەیشتووانی کورد ئەمەیە.
بۆ تەبریک، فائیدەی ئەووەڵ تەبعی کوردیی ئەم جڵد (جزم)ەم بۆ «یانەی سەرکەوتن» هەدیە کرد، ئەگەر ئەم «جەمعیەتی عیلمییەی کورد»ی کەمتاڵعە، لەمە فائیدەیەکی چنگ بکەوێ، زۆر مەمنوون ئەبم.
ئینشائەڵڵا لە دوای ئەمە جڵدی دووەم و «تەئریخی وڵاتی سلێمانی» و کتێبی «پیاوە گەورەکانی کورد»، یەک لە دوای یەک لە چاپ ئەدرێ و ئەمانە ئەبنە سەبەبی تەشویقی قەڵەمبەدەستان و پێگەیشتووانی کورد.
محەمەدئەمین زەکی، وەزیری پێشووی حکوومەتی عێراق
15ی مارتی 1931