خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 04/1
4.1. کورد لە دەوری فتووحاتی تورکدا تا دەوری ئیلخانی
[edit]ئوغوزەکان، کە لە پێشڕەوی سەلجووقییەکان بوون کە لە ڕەی هەڵسان و ڕوویان کردە وڵاتانی غەرب (٤٢٠ی هیجری/ ١٠٢٩ی میلادی)، یەکێ لە قۆماندانەکانی غەزنەوی کە ناوی «تاش فراش» بوو، لەگەڵ سێهەزار سوارێک کە بەشێکی کورد بوو، ڕێگەی پێ گرتن و شەڕیان بوو و تەسادوف گەورەی کوردەکان کەوتە دەس ئوغوز و بە زۆر کاغەزێکیان بۆ کوردەکان پێ نووسی تا دەس لە شەڕ هەڵگرن و بەم تەرحە غەلبەیان سەند و پێش کەوتن.
لە ساڵی ٤٢٩دا ئوغوزەکان گەیشتنە دەوری مەراغە، شاری مەراغەیان وێران و تاڵان کرد و زۆریان لە خەڵکەکەی کوشت و لە دواییدا هەڵیانکوتایە سەر عەشیرەتی هەزبەنی و کوشتارێکی زۆریان لێ کردن. لە دواییدا عێلەکانی کوردی ئەو ناوە لەگەڵ حاکمی ئازەربایجاندا ئیتفاقیان کرد و موقابەلەیەکی بەشیددەتیان نواند و بە هەر حاڵێک بوو ئوغوزەکانیان گەڕانەوە. تاقمێکی تریان کە تا ئەرمینییە چووبوون لەوێدا قەتڵ و تاڵانێکی زۆریان کرد و گەڕانەوە دواوە و هاتنە دەوری ئۆرمیە (= ورمێ) و سەر خێڵاتی عێلی ئەبو ئەلهەیجای هەزبەنی. ئەم کوردانە بە تەبیعەت شەڕێکی قورسیان لەگەڵ کردن، بەڵام زۆریی ئوغوزەکان لە نەتیجەدا شپرزەی کردن و بڵاو بوونەوە.
لە ساڵی ٤٢٠ی هیجریدا حکوومەتی ڕەوادی کوردی، لە تەورێز (تەبرێز)دا تەشکیلی کرد. موئەسیسی ئەم حکوومەتە «واهـ سوزانی کوڕی مامەلان»ە. تا ساڵی ٤٢٦ دەوامی کرد. حکوومەتی «دەیسیم» پێشڕەوی ئەم حکوومەتەیە.
لە ساڵی ٤٢١ی هیجریدا حکوومەتی «شوانکارە» (= شەبانکارە)ی کورد لە وڵاتی فارسدا دامەزرا و بە هەر نەوعێ بوو، تا ٧٥٦ی هیجری دەوامی کرد.
لە ٤٣٢ی هیجریدا مزەفەری واهـ سوزانی کوڕی مامەلان، لە دوای ئەمە کە هەموو ڕوئەسای ئوغوزی بە فێڵ گرد کردەوە، هەموویانی قۆڵبەست کرد و هجوومی کردە سەر لەشکرەکەیان و زۆری لێ کوشتن. بەڵام قۆڵی «ورمێ»یان لەمە ڕزگاری بوو و ڕووی کردە وڵاتی حەکاری کە لە تەوابعی مووسڵ بوو و تاڵانێکی زۆریان کرد و لە وەقتێکدا کە لە بەینی چیاکاندا گیرۆدە مابوون، کوردی ئەو ناوە لە هەموو لایەکەوە دەوریان دان و هەزار و پێنجسەد کەسێکیان لێ کوشتن و دیلێکی زۆریشیان لێ گرتن و تاڵانێکی باشیان دەس کەوت، لە ناو دیلەکانا حەوت ئەمیری ئوغوزیش هەبوو.
لە نزیکبوونەوەی ئۆردووی «توغرول بەگ»دا ئوغوزەکان لە ترسا بە تاڵووکە پێش کەوتن و قۆڵێکی کە لە ژێر قۆماندەی مەنسوور ناو ئەمیرێکدا بوو، بە سەر «زۆزان»دا ڕووی کردە جەزیرەی ئیبنو عومەر و هێشتا لە شەرقی ئەم وڵاتە بوون کە قۆڵێکی تریان لە قۆماندەی «بوقا» (= بوغا)دا ڕووی کردبووە دیاربەکر و دەسی کردبوو بە تاڵانی ناوچەی «کاردۆ» (= کاردی) و «بازابدا» و «حوسەینییە» و «پیشخاپوور» (= فیشخابوور).
حاکمی جەزیرە، سلێمان کوڕی ناسرودەولەی مەروانی، کە لێکی دایەوە، زانی کە ئەم ئوغوزانە لە پێش بەهارا لە وڵاتی جەزیرە ناتوانن تێپەڕن، لە بەر ئەوە فکری لێ کردەوە و بە فێڵێک مەنسووری قۆماندانی ئوغوزەکانی گرت و بە یارمەتیی کوردەکانی باشناوی (فینک) هەڵیکوتایە سەریان و تا دەوری نەسیبین بردنی و زۆری لێ کوشتن، بەڵام ئەم حەرەکەتەش دیسان نەبووە مانعی زەرەریان و نیهایەت خۆیان گەیاندە دیاربەکر و هەموو لایەکیان وێران و تاڵان کرد. حاکمی مەروانیی دیاربەکر، ماڵێکی زۆری بە ئوغوزەکان دا و لە دیاربەکر دووری خستنەوە و لە دواییدا ڕوویان کردە تەڕەفی مووسڵ و نەفسی شارەکەیان دوو جار زەوت کرد و قەتڵ و تاڵانێکی بێغایەتیان کرد. «قرواش» ئەمیری مووسڵ بۆ مودافەعەی مووسڵ تەڵەبی معاوەنەتی لە ئومەرای عەرەب و کورد کرد.
لە ساڵی ٤٦٣ی هیجریدا (١٠٧١ی میلادی)، کە ئیمبراتۆری ڕۆم، ڕۆمانووس (ئارمانووس)ی چوارەم لە دەشتی مەلازگرددا مەغلووب و ئەسیر بوو، هەموو ئەرمینییە و کوردستان بەرەبەرە کەوتە دەس حکوومەتی سەلجووقیی «ئەلپ ئەرسەلان» و ئەو حکوومەت و ئیمارەتانەی کورد هەبوو، یەک لە دوای یەک لە ناو چوو و وڵاتەکەیان کەوتە دەس سەلجووقییەکان. حکووماتی سەلاجەقە عیبارەتە لە بری پێنج سەلالە:
١. حکوومەتی خۆراسان و ڕەی و جیبال و جزیرە و فارس و ئەهواز، لە ٤٩٢دا تەئسیس کرا و ٩٣ ساڵ دەوامی بوو.
٢. سەلاجەقەی کرمان لە ٤٣٢دا تەشکیلی کرد و ١٥٠ ساڵی دەوام بوو.
٣. سەلاجەقەی عێراق و کوردستان، لە ٥١١ی هیجریدا تەشکیلی کرد و ٧٩ ساڵ دەوامی بوو.
٤. سەلاجەقەی سووریە، لە ٤٨٧دا تەسیس کرا و ٢٤ ساڵ دەوامی بوو.
٥. سەلاجەقەی ڕۆم، لە ٤٧٠ی هیجریدا دامەزرا و ٢٣٠ ساڵ دەوامی کرد.
(تاریخ الامم الاسلامیة، جڵدی ٢، لاپەڕە ٤٦٨- ٤٧١)
لە ٤٩٣ی هیجریدا ئاخر حوکمداری مەروانی کە لە ئەخلات (= خێڵات)دا مابووەوە بە سەبەبی سووئی ئیدارەی خۆی و بەعزێ ئەهالی، ئەویش مەحو بۆوە و وڵاتەکەی کەوتە دەس «سوکمان قوتبی» غوڵامی ئەتابەکی تەورێز.
خولاسە، لە ئیستیلای تورکدا وڵاتانی کورد کە لە سەر ڕێگەدا بوون، زۆر زۆر زەرەریان دی و ئەو نیفاق و تەفرەقەی کە لە بەینیانا بوو، نەیهێشت کە بە کۆمەڵی و برایەتی، بەرامبەر ئەو لافاوە بەقووەتە بوەستن، لە بەر ئەمە موقابەلەی مونفەرەدیان بێفائیدە بوو و بە سەر و ماڵ زۆر زەرەریان دی و هیچ قەومێکی تر بە قەد کورد لە ژێر دەست و پێدا نەچوو. زاتەن لە ئیبتیدای تاریخەوە تا ئیمڕۆ ئەگەر بە دیققەت تێبفکرین، ئەبینین کە پەشۆکی و ماڵوێرانیی ئەم قەومە هەموو نەتیجەی نیفاق و تەفرەقەیان بووە و تا ئەم حاڵەیان دەوام بکا، دائیمەن لە ژێر دەست و پێدا ئەچن.
واقیعەن موسیبەتی ئیستیلای تورک، بۆ کورد زۆر بەشیددەت بوو، بەڵام لەم حاڵەش چاویان نەشکا و فیترەتی ئەسڵییەیان مانعی یەئس و تەسلیمیان بوو، هیچ فرسەتێکیان فەوت نەئەکرد و دائیمەن بۆ حەقسەندنی خۆیان و بۆ موحافەزەی سەربەخۆیی سەعیان کرد و کوشتیان و کوژران و تاڵان کران و تاڵانیان کرد و قەت بە تەواوی گیرۆدەی هیچ حوکم و قووەتێک نەبوون. لە عەسری پانزە و دوانزەی میلادیدا خیلافی مەعموول، لە گەلێ شەڕ و دەعوادا بەهێزی و ئازایی خۆیان نیشان دا. خولەفا و ملووکی تورک لە وەقتی تەنگانەدا موحتاجی یارمەتیی کورد بوون.
واقیعەن ئەبینین کە مەلەک شاهی سەلجووقی موقابیل بە «قاورت»ی مامی، کە حاکمی کرمان بوو و ئەیویست حکوومەتی لێ زەوت کا، لە قووەتی کورد ئیستیفادەی کردووە و حەتا بەرامبەر بەم یارمەتییەیان لە داخڵی کرمانا ئەرازییەکی زۆری پێ بەخشین (مەسعوودی، ئیبنی خەلکان).
لە ساڵی ٤٩٩ی هیجریدا، کە ئۆردووی محەمەد کوڕی مەلەکشا لە ژێر ئیدارەی «جاولی سەقا»دا هاتە سەر مووسڵ، حاکمی هەولێر، ئەبو ئەلهەیجای هەزبەنی، لەگەڵ حاکمی مووسڵ، «جکرمش»دا ڕێگەیان پێ گرت و شەڕێکی قورسیان لەگەڵ کرد.
لە ٥٠٢ی هیجریدا کە ئۆردووی سوڵتان «مەودوود» هاتە سەر جاولی سەقا، ئەبو ئەلهەیجا و نەسر کوڕی موهەلهەل (ئەبو ئەلشەوق)ی لەگەڵا بوو.
لە ٤٩٧ و ٤٩٩ و ٥٠٣ی هیجریدا و لە حەرەکاتی «دجیل» و «ماردین» و بەعزێ جێگەی ترا فەعالییەتی کورد بە خسووسی باس کراوە.
لە ٥٠٤ی هیجریدا و لە سەفەری محەمەد کوڕی مەلەکشا بۆ سەر سووریە، ڕەئیسی عەشیرەتی «ڕەوادی»ی کورد و حاکمی مەراغە، ئەحمەدیل کوڕی ئیبراهیم سالاری کوڕی واه سوزان» و ئەمیر ئەبو ئەلهەیجای حاکمی هەولێر بە خۆیان و ئۆردوویانەوە ئیشتراکیان کردووە.
حکوومەتی فەزلەوییەی لوڕستان لە نیوەی قەڕنی پێنجەمی هیجریدا تەشکیلی کرد و تا نیوەی عەسری نۆیەم دەوامی کرد (تەماشای جڵدی دووەم بکە).
4.2. کورد لە دەوری ئەتابەکاندا
[edit]بەشێکی ئەم ئەتابەکانە لە کوردستان ئەتابەکانی کوردستان وەکوو لە خوارەوە نیشان دراوە، پێنج حکوومەتە:
١. ئەرتقیە (ئەرتکیە): موئەسیسەکەی «ئەرتق» غوڵامی مەلەکشاهە و لەساڵی ٤٩٥ی هیجریدا لە «حەسەنکێف»دا دامەزرا. لە دواییدا (ساڵی ٥٠٢) بوو بە دوو قۆڵ: حەسەنکێف و ماردین؛ بەشی ئەووەڵ لە ٦٢٠دا و دووەم لە ٨١١دا لە تەڕەف حکوومەتی قەرەقۆیۆنلووەوە مەحو کرایەوە.
٢. شاهی ئەرمەن: ئەم حکوومەتە لە ٥٨٣ی هیجری لە تەڕەف «سوکمان قوتبی» غوڵامی قوتبەددین ئیسماعیلی سەلجووقی حاکمی تەورێزەوە لە ئەخلاتدا دامەزرا و لە ٦٠٤دا لە تەڕەف حکوومەتی ئەیووبییەوە مەحو کرایەوە.
٣. زەنگەنە: لە مووسڵدا لە تەڕەف عیماددەدین زەنگی ئیبنی ئەقسەنقری، غوڵامی مەلەکشاهەوە لە ٥٢١ی هیجریدا دامەزرا و زۆر تەوەسوعی کرد و چەند قۆڵێکی لێ پەیا بوو:
ـ قۆڵی مووسڵ تا ٦٦٠ی هیجری دەوامی کرد و مەغۆل مەحوی کردەوە.
ـ قۆڵی سووریە لە ٥٧٧ی هیجری لە تەڕەف حکوومەتی ئەیووبییەوە مەحو کرایەوە.
ـ قۆڵی سنجار لە ٥٦٦دا دامەزرا و لە ٦١٧ لە تەڕەف ئەیووبییەکانەوە لە ناو برا.
ـ قۆڵی جزیرە لە ٥٧٦دا دەسی پێکرد و لە ٦٤٥ی هیجریدا ئەیووبییەکان لە ناویان برد.
ـ قۆڵی هەولێر لە ٥٣٩دا دامەزرا و لە ٦٣٠دا ئەیووبییەکان لە ناویان برد.
٤. ئەتابەکی ئەرزنجان: لە ٥٣٦دا لە تەڕەف ئەمیر «ئیلدکز»ەوە دامەزرا و تا ٦٢٢ دەوامی کرد و لە تەڕەف خوارەزمییەکانەوە مەحو کرایەوە.
٥. ئەتابەکی لوڕستان: لە ٥٤٣دا لە تەڕەف کورد «ئەبو تاهیر»ی قۆماندانی ئەتابەکی فارسەوە تەئسیس کرا و تا ٨٢٧ی هیجری دەوامی کرد و لە تەڕەف تەیمووری لەنگەوە مەحو کرایەوە. (تاریخ الامم الاسلامیة، جڵدی ٢) و ئەتڕافیا حکوومەتیان دامەزراندووە و گەلێ ئیشیان تیا کردووە، لە بەر ئەمە لەگەڵ تاریخی کورد و کوردستانا زۆر مناسەبەتیان هەیە. لە حوکمدارانی ئەم خانەدانە، «عیمادەدین زەنگی»، گەلێ جار وڵاتانی کوردی زەوت کردووە و لەگەڵ کوردا شەڕ و هەرای بووە. لە ساڵی ٥٢٨ی هیجریدا (١١٣٤ی میلادی)، شاری «تانزا»ی کە لە قەراغی چەپی ئاوی «بۆهتان» بوو، زەوت کرد و خۆی بیلزات لەگەڵ «تەیموور تاش»ی حاکمی ماردین چوونە سەر دیاربەکر و موددەتێک موحاسەرەیان کرد، بەڵام نەیانتوانی زەوتی کەن و بەجێیان هێشت. هەر لەم وەقتەدا قووەتێکی تریشی ناردە سەر عەشیرەتی حەمیدییە و بەعزێ قەڵای وەکوو عەقر، شووش ... الخی لێ زەوت کردن، سەبەبی ئەم حەرەکەتەی عیمادەدین ئەمە بوو کە ئەم عەشیرەتە لە ژێر ئیدارەی ڕەئیسەکەیان ئەمیر عیسادا و لە موحاسەرەی مووسڵدا یارییەی خەلیفەی عەباسی، «ئەلموستەرشەد»یان دابوو.
حاکمی هەولێر و ئاشیب و ئەو ناوە کە ئەبو ئەلهەیجا کوڕی عەبدوڵڵا بوو، چووە مووسڵ لای عیمادەدین و لەوێدا مایەوە تا وەفاتی کرد. لە دوای ئەبو ئەلهەیجا لە بەینی واریسەکانیا شەڕ و دەعوا هەڵگیرسا و عیمادەدین ئەمەی کرد بە وەسیلەی موداخەلە و شاری ئاشیبی لێ داگیر کردن و قەڵاکەی ڕووخاند (٥٣٧ی هیجری) و لەم هەرایەدا زۆری لە ئومەرا و ئاغایانی کورد کوشت و بەرەبەرە قەڵاکانی تری خانەدانی ئەبو ئەلهەیجای زەوت کرد، موڵکی حەکاری و شاخانی زۆزان و جیبالی سوور و هەروور و شەعبان و ڕەبیە ... الخ یەکە یەکە هێنایە ژێر حوکمی خۆی (الکامل، جڵدی ١١، لاپەڕە ٦). عیمادەدین لە پاش بەینێک «قەڵای جالابیش»ی زەوت کرد و لە پاش تەعمیراتێک بە ناوی خۆیەوە ناوی نا «عیمادیە» .
عیمادەدینی زەنگی لە ساڵی ٥٣٤ی هیجریدا وڵاتی شارەزووریشی لە «ئەمیر قپچاق»ی کوڕی ئەرسەلان تاش زەوت کرد و لە ٥٣٧دا قووەتێکی ناردە سەر حەکاری و قەڵای شابانی زەوت کرد و تەعمیری کردەوە و لە ساڵی دواییشدا ئیرون و خێزان و سەعرد و حیسن ئەلدوق و حیسن زیلقەرنەین و بەعزێ قەڵای تری داگیر کرد و لە دەوری ماردینیش بەعزێ جێگەی تری گرت و دووبارە چووە سەر دیاربەکر و موحاسەرەی کرد.
حاکمی «ڕابیە» و «عەکا» (= ئەلک)، میرعەلی، بە ئارەزووی خۆی تابعییەتی عیمادەدینی قەبووڵ کرد و لە دوای بەینێکی تر لەشکرێکی ناردە سەر ئەمیر حیسامەدین، کە گەورەی عەشیرەتی باشناوی و حاکمی قەڵای فێنک بوو، بەڵام لە وەقتی موحاسەرەیدا عیمادەدین وەفاتی کرد و لەشکرەکەی گەڕایەوە (٥٤١ی هیجری).
ئەتابەکان (ئەرتقیە = ئورتوکیە)ی دیاربەکریش گەلێ جار لەگەڵ کوردانی ئەو وڵاتە شەڕ و هەرایان بووە (ئەبولفیدا). خولەفای عەباسی، بەعزێ جار بۆ شکاندنی قووەت و نفووزی تورکەکان ویستوویانە ئیستیفادە لە کورد بکەن و ئەمەشیان بیلفیعل تەجروبە کردووە. لە ٥٢٨ی هیجریدا جەلبی ئەمیر عیسای ڕەئیسی خەیلاتی حەمیدییە لە تەڕەف خەلیفە «ئەلموستەرشەد»ەوە میسالێکی ئەم سیاسەتەیە (الکامل).
ئەووەڵ دامەزرانی حکوومەتی ئەیووبییە لەم سرەیەدا دەسی پێکرد و لە ٥٦٩ی هیجریدا لە میسردا بە سەربەخۆییەکی تەواو دامەزرا و زۆر تەوەسوعی کرد و لە فتووحات و موحارەباتی سوڵتان سەحەلاددیندا گەلێ عەشائیر و ئومەرای کورد هەبوو. عەشیرەتی حەکاری (ئەلهەکارییە)، میهرانی، حەمیدی، زرزاری لە جوملەی ئەو عەشیرەتانەن کە لەگەڵ سوڵتاندا بوون (الفتح القسي في الفتح المقدسي، لاپەڕە ٣٠٢). میسر، سووریە، ئەلجەزیرە، کوردستان و ئەرمینییە هەموو داخڵی ئەم حکوومەتە بوو و دەوری شەوکەتی، زەمانی سوڵتان سەلاحەددینە. لە دواییدا بوو بە چەند بەشێکەوە و بەشی هەرە بەدەوامی، ئەیووبییەی حەسەنکێفە کە تا مەبادیی دەوری عوسمانی ژیاوە (بۆ تەفسیلات تەماشای جڵدی دووەم بکە).
لە دوای حکوومەتی زەنگی لە جزیرەی ئیبنی عومەردا حکوومەتی کوردیی «عەزیزان» پەیدا بوو و ڕیوایەت وایە کە ئەم خانەدانە نەتەوەی حەزرەتی «خالید ئیبنی وەلید» بوون. ئەم حکوومەتە تا دەوری حکوومەتی «بایندۆری» دەوامی کرد، لە تەڕەف ئەوانەوە موەقەتەن لە ناو برا، بەڵام لە پاش بەینێک دیسانەوە لە جەزیرەدا پەیدا بوون و نیهایەت لە وەقتی تابعییەتی کوردستان بە حکوومەتی عوسمانی، ئەوانیش ئیتاعەتیان کرد (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ١)
لە ساڵی ٥٨١ی هیجریدا (١١٨٥ی میلادی) و لە دەوری خەلافەتی «ناسرودینەڵڵا»دا بەینی کورد و تورک تێکچووە و بووە شەڕێکی میللی، گەلێ تەوەسوعی کرد و لە سووریە و کوردستان و ئازەربایجاندا دوو ساڵ دەوامی کرد و بۆ هەر دوو لا زەرەرێکی زۆری بوو، لە پاشدا بە فکرێکی دینی، سوڵحیان لە بەینا کرا و بۆ موقابەلەی گاورەکانی ئەرمینییە، ئاسوورییە، ئەلجەزیرە و سووریە و قەپادوقیا ئیتحادیان کرد. بەڵام موجیبی ئەسەفە کە ئەم ئیتحادە ئەوەندە دەوامی نەکرد و بەعزێ دەعوای موڵک، کورد و تورکی دیسانەوە کرد بە گژ یەکا و لە دوای شەڕ و هەرایەکی زۆر، کوردەکان سووریە و «کلکیا» (= ئەدەنە)یان چۆڵ کرد.
ئیبنی ئەسیر، لە عەینی تاریخدا [ئەڵێ] لە بەینی کوردانی دەوری مووسڵ و جەزیرەشدا لە سەر مەسئەلەی ژنهێنان شەڕێک ڕووی دا و بوو بە سەبەبی قیتالێکی زۆر و لە دواییدا موجاهیدەددین قایمازی وەزیری حاکمی مووسڵ کەوتە بەینەوە و ڕێکی خستن و هەراکەی کوژاندەوە (جڵدی ١١، لاپەڕە ٢٣٤).
وقووعاتی تاریخییە وا نیشان ئەدا کە قەومی کورد عەکسی ئەمە کە لەگەڵ تورکەکانا زوو زوو تێک ئەچوو، لەگەڵ دراوسێیە گاورەکانیدا دائیمەن باش ڕایئەبوارد و گەلێ جار هەر دوو لا چاکەیان بۆ یەکتری بووە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٢).
لە دوای وەفاتی سوڵتان سەلاحەددین (٥٨٩ی هیجری)، زەنگییەکان جێگەی خۆیان لە کوردستاندا قایم کرد. لە ٦٠٧ی هیجریدا کوڕە پچووکی ئەرسەلان شاهی نزیکی عیمادەدین بە ناوی موڵکانە لە نوورەدینی برای قەڵای عەقر و شووشی سەند و لە ٦١٥دا عیمادییەشی بێ شەڕ داگیر کرد. حاکمی مووسڵ، کە برازاکەی بوو، قووەتێکی ناردە سەری، بەڵام زەفەری پێ نەبرد. عیمادەدین لە دواییدا بەعزێ لە قەڵاکانی حەکاری و کواشی زەوت کرد، بەڵام چونکە موعامەلەی لەگەڵ خەڵق چاک نەبوو، ئەهالی ڕوویان لێ وەرگێڕا و خەبەریان نارد بۆ «بەدرەدین لوءلوء» نایبی حاکمی مووسڵ و قووەتێکیان لێ تەڵەب کرد، بە گەیشتنی ئەم قووەتە قەڵاکانی حەکاری و زۆزان کەوتە دەس حاکمی مووسڵ و لە ٦٠٩دا شووش و لە ٦١٢دا قەڵای عیمادییەشی لە دەس چوو (الکامل، جڵدی ١١).
ساڵی ٦٢٢ بۆ عێراق و جەزیرە زۆر بە موسیبەت بوو، زەلزەلە، گرانی، فەرتەنە، باران و غەرقی، دنیای شێواند و بۆ ماڵ و ڕۆح زەرەرێکی بێحەدی بوو. ساڵی دوایی، عەلائەدین کەیقوبادی سەلجووقی، حوکمداری قۆنیە، بە تەحریکی جەلالەدینی خوارەزمشاه هاتە سەر وڵاتی دیاربەکر و بەعزێ لە قەڵاکانی زەوت کرد و زەرەرێکی زۆری لە وڵاتەکە دا (الکامل).
4.3. کورد لە دەوری خوارەزمی و ئیلخانی (مەغۆل)دا
[edit]ڤەژینبوکس > محەمەدئەمین زەکی بەگ > خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١) > 4.3 > کورد لە دەوری خوارەزمی و ئیلخانی (مەغۆل)دا کورد لە دەوری خوارەزمی و ئیلخانی (مەغۆل)دا لە کتێبی: خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١) بەرهەمی: محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948) ئەلف) کوردانی کەژ و کێوی زاغرۆس لە ٦١٤ی هیجریدا (١٢١٧ی میلادی)، تووشی ئیستیلا و تەخریبی خوارەزمییەکان بوون. سوڵتان محەمەدی خوارەزمی ئۆردوویەکی ناردبووە سەر خەلیفەی عەباسی کە «ناسرودینەڵڵا» بووە. ئەم ئۆردووە بە تەبیعەت، ئەووەڵەن لەگەڵ کورددا تێک ئاڵا. لە بەینی هەمەدان و کرمانشاهدا تووشی سەرما و سۆڵەیەکی بەشیددەت بوو و لە وەقتی شپرزەییدا کوردانی بەنیحەکار و تورکمانی ئەو ناوە هەڵیانکوتایە سەریان و زۆریان لێ کوشتن و بێجگە لە سوڵتان محەمەد و جوزئێ قووەتی، ئۆردووەکەی مەحو بووەوە (الکامل، جڵدی ١٢). کوڕی سوڵتان محەمەد کە جەلالەدین بوو، لە دوای مەغلووبەتێکی زۆر لەگەڵ پاشماوەی ئۆردووەکەی لە هەمەدانەوە ڕووی کردە تەڕەفی عێراق و لە دوای تاڵان و وێرانکردنی ئەتڕافی «بەدرە» و «بەعقووبە» و تەخریبکردنی قەڵای «داقوقا» و کوشتارێکی زۆر لە خەڵکی ئەم وڵاتانە، ڕووی کردە هەولێر. بەڵام حاکمی هەولێر، مزەفەرەدین کۆکبری، بە حوسنی تەدبیری خۆی گێڕانیەوە دواوە. لە دواییدا جەلالەدین ڕووی کردە ئازەربایجان، ئەووەڵەن مەراغەی گرت و لە ساڵی ٦٢١ی هیجریدا تەبرێزیشی زەوت کرد و لە دوای سەفەری گورجستانی لە ٦٢٥دا هاتە سەر شاری خێلات (ئەخلات) و چەند دەفعە تەزییقی کرد، بەڵام ئەهالییەکەی بە هیممەتی حاکمی ئەیووبی، حاجب حیسامەددین مقاوەمەتێکی بێئەمسالیان نواند و جەلالەددین بە مەئیووسی گەڕایەوە. لەم شەڕ و دەعوایەدا وڵاتی خێلات و لە هەرای بەینی عیماددەدین و نوورەددیندا ئەترافی عیمادییە و زۆزان (؟)، خولاسە کوردستانی شیمالی و جنووبی زەرەرێکی زۆری دی و ئەم حاڵە بوو بە سەبەبی ئەنواعی موسیبەتی تر، مەسەلەن گرانییەک پەیا بوو زۆر خەڵق لە برسانا مرد (الکامل، جڵدی ١٢).
لە ساڵی ٦٢٦ی هیجریدا جەلالەددینی خوارەزمشاه دیسان هاتە سەر خێلات و موحاسەرەی کرد و لە پاشدا بە سەر «مووش»دا تا چیای جوودی چوو و ئەم گوزەرگاهەی سەرلەنوێ وێران کرد و ئەنواعی زوڵم و شەناعەتی کرد. ئەهالی بە نەوعێ چاوی ترسا کە بەشێکی مناسبی وڵاتەکەی بەجێ هێشت و چوو بۆ ئەتڕافی حەلەب. حاکمی خێلات، حاجب حیسامەددین کە لە تەڕەف مەلیک عادڵی ئەیووبییەوە تەعیین کرابوو و لە موحاسەرەی جەلالەددیندا بوو، حەقیقەتەن جەسارەت و مەتانەتێکی بێئەمسالی نواند، خیلافی مەئموول لە تەڕەف مەلیک ئەشرەفەوە عەزل کرا و عیززەددین ئیبیک بە ناحەق کوشتی. جەلالەددین لە دوای وەفاتی حیسامەددین دیسانەوە هاتە سەر خێلات و لە پاش نۆ مانگ موحاسەرە زەوتی کرد و هەموو ئەهالی و مودافیعینی کوشت و زۆر موعامەلەی ڕەزیلانەی دەرحەق ژن و منداڵ کرد. لە ساڵی ٦٣٧ی هیجریدا جەلالەددین بەرامبەر بە عەلائەددین کەیقوباد، سوڵتانی ڕۆم و مەلیک ئەشرەفی ئەیووبی، مەلیکی شام مەغلووب بوو. لەم شەڕەدا قۆماندانی ئۆردووی شام یەعنی ئۆردووی مەلیک ئەشرەف، عیززەدین عومەر کوڕی عەلی لە عەشیرەتی حەکاری بوو. لەم شەڕەدا ئۆردووی جەلالەددین خراپ شکا و پەرێشان بوو و تا «خۆی» ڕەجعەتی کرد و لە پاشدا بە ناعیلاجی سوڵحی کرد.
لە ساڵی ٦٢٨ی هیجریدا ئۆردووی تاتار تەنگیان بە جەلالەددین هەڵچنی، ئازەربایجانیان لە دەس سەند و جەلالەددین بە مەئیووسی گەڕایەوە دەوری خێڵات و ئیتر مەیلی شەڕی نەبوو و عادەتەن لە ترسی تاتار خۆی هاویشتە ناو کوردان و وڵاتی کوردان، کە چەند دەفعەیەک وێران و تاڵان کردبوو و بە ئەنواعی زوڵم و ڕەزالەت و وەحشەت و شەناعەتی خۆی عالەم لەعنەتی لێ ئەکرد. خولاسە ئەم حوکمدارە لە خوا نەترسانە بە حاڵێکی سووک و تڕۆوە تا دەوری دیاربەکر هات و لەوێش تاتار فرسەتیان نەدا و دەوریان گرت و تاڵان و کوشتارێکی زۆریان لە ئۆردووەکەی کرد و بڵاوەیان پێ کردن و ئەم ئۆردووە بەدئەفعال و بەدبەختە پارچە پارچە لە تەڕەف عەشائیری زوڵمدیدەوە مەحو کرایەوە و بەعزێکیشی دەخالەتی کردە عەلائەددین کەیقوبادی سەلجووقی، حاکمی قۆنیە، بەڵام وڵاتی کوردستان هێشتا نەجاتی نەبووبوو لە ڕووی جەلالەددینەوە وڵاتی دیاربەکر و ئەو ڕێگەیەی کە لە بەڵای جەلالەددین نەجاتیان بووبوو بەشێکیان لە تەڕەف تاتارەوە مەحو کرانەوە، لە شاری دیابەکردا زیڕۆحیان نەهێشت و ئەگەر عەشیرەتی کریشیەی کورد ڕێگەی پێ نەگرتنایە و ڕوویان پێ وەرنەگێڕانەیەوە، کەسیان لەو وڵاتەدا نەئەهێشت. واقیعەن جێگەی ئەسەفە کە قۆڵێکی تاتار لە ڕێگەیەکی ترەوە تا ماردین و نەسیبین هات و ئەو ناوەشی وێران کرد. قۆڵێکی تریشی لە ئازەربایجانەوە ویستی بێتە سەر هەولێر؛ حاکمی هەولێر و مووسڵ لە داقوقادا ئۆردوویان حازر کرد و خەلیفەش جوزئێ معاوەنەتێکی کردن، بەڵام چاک بوو کە تاتار نەهاتە سەریان.
بێینە سەر باسی جەلالەددین؛ لە دوای ئەمە کە ئۆردووەکەی بڵاوەی کرد و کەسی لە دەور نەما، ناچار خۆی هاویشتە ناو خێڵێکی کورد (٦٢٨ی هیجری) و بە گوێرەی ڕیوایەت کوردێک کە زۆر زوڵم و خراپەی لێ دیبوو و لە شەڕی ئەخلاتدا برایەکی لە تەڕەف لەشکری جەلالەددینەوە کوژرابوو، بەبێ خەبەری خانەخوێکەی کوشتی تاریخی گوزیدە ئەڵێ جەلالەددینی خوارەزمشاە لە ئاخیری ئەییامیدا زۆر موبتەلای شەرابخۆری بووبوو، حەتا لە وەقتی کوژرانیشیا مەست بوو. نوورەددینی مونشی، دەرحەقی ئەم ڕوباعیەتەی گوتووە:
شاها ز می کران چە بر خواهد خاست / وز مستی بیکران چە بر خواهد خاست / شه مست و جهان خراب و دشمن پس و پیش / پیداست کە زین میان چە برخواهد خاست و بەم تەرحە ئەم حوکمدارە زاڵمە لە نیوەی شەووالی ٦٢٨ی هیجریدا لە ناو چوو (جوەینی، محەمەد ئەلقەزوینی، الکامل).
موسیبەتی ئەم جەلالەددینە بۆ کورد زۆر گەورە بوو و هاتنی تاتاریش بەتایبەتی لە ڕووی ئەم زاڵمەوە بوو. وڵاتی دیاربەکر، ئەرزن، میافارقین، سعرد، خێلات، ماردین و نەسیبین بە تەواوی وێران بووبوو و بەقییەی ئەهالییەکەی بەعزێکیان خۆیان کێشابووە ناو کەژ و کێو و بەشێکیشی ڕوویان کردبووە وڵاتانی تر و وەتەنەکەیان چۆڵ کردبوو. خولاسە زەرەری ماڵ و ڕۆحی کورد لە غایەت بەدەر بوو.
جەلالەددین خوارەزمشاە ئەگەر ئەوەندە زاڵم و خوێنخۆر و بەدخوو نەبوایە، بە جورئەت و ئازایەتیی خۆی دەیتوانی [خۆی] لە لای کوردەکان خۆشەویست بکا و بۆ حەقسەندنی خۆی لە تاتار ئیستیفادە لە قووەتی کورد بکا. بەڵام زوڵم و شەناعەتی و باخسووس ئەخلاق و ئەتواری لە لایەکەوە بووە سەبەبی مەحوبوونەوەی خۆی و لە لایەکی تریشەوە کوردستانی بە وێرانی دا و قەومی کوردیشی تووشی ماڵوێرانی و سەرگەردانی کرد.
لە ساڵی ٦٤٥دا وڵاتی شارەزوور و لە ٦٥٠شدا دەفعەی دووەم، مەنتیقەی دیاربەکر لە ژێر زوڵم و تاڵانی مەغۆلدا پەرێشان بوو. لە ساڵی ٦٤٨ی هیجریدا سوڵتان بەدرەددین لۆءلۆئی حاکمی مووسڵ بە بەهانەی حەقسەندنی کچەکەی، لەشکری کردە سەر مەلیک مەسعوودی حاکمی جەزیرە، کە ئاخر سەلالەی ئەتابەکەکان بوو و وڵاتەکەی لە دەس داگیر کرد و مەلیک مەسعوودیشی مەحو کردەوە.
حکوومەتی ڕەسوووڵی (تەغر)، لە ئیعتباری ساڵی ٩٢٦ی هیجرییەوە لە سەنعاءدا بە تەواوی جێگیر بوو، زۆری ئومەرا و مەئموورینی گەورە و حەتا بەعزێ لە ئەمیرەکانیشی کورد بوون و لە دەوری ئەیووبییەوە مابوونەوە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٤، لاپەڕە ١٥١).
ب. لە هەرا و دەعوای دەوری ئیلخانی (مەغۆل)دا زۆر کەم باسی کورد کراوە، لەمە وا دەرئەکەوێ کە کورد کە لە موحارەبات و غەزەواتی دەوری ئەیووبیدا ئەوەندە شۆرەتی سەندبوو، لەم دەورەدا مومکین نەبووە کە لە دژی ئیدارەی ڕەئیسێکی گەورەی وەکوو سوڵتان سەلاحەددین ئیتحاد بکا و بەربەستی موسیبەتی جەلالەددین و لافاوی مەغۆل بکا و تەفرەقە و نیفاقی ناو خۆی مانعی یەکێتی و مقاوەمەتێکی تاریخی بووە و بە مەجبووری خۆی کێشاوەتە کەژ و کێوە سەختەکانی و ئینتیزاری دەفعبوونی بەڵای مەغۆلی کردووە.
لە دوای فاسیلەی چوار پێنج ساڵێک موسیبەتی هۆلاکۆ ڕووی کردە کوردستان و عێراق. مەلیک بن تودان کە باوکی مەشهوور «ئەمیر چووبان» و قۆماندانی پێشداری ئۆردووی مەغۆل بوو، لە مەبادیی ساڵی ٦٥٥ی هیجریدا ڕووی کردە هەمەدان و کوردستانی ئێرانی کە مەرکەزەکەی «بەهار» بوو زەوتی کرد و لە عەینی ساڵا، هۆلاکۆ ڕووی کردە بەغدا. بە تەبیعەت کرمانشاه لە سەر ڕێگە بوو، تووشی قەتڵ و تاڵانێکی زۆر بوو، قووەتێکی تری مەغۆل ڕووی کردە هەولێر، حاکمی ئەم قەڵایە کە تاجەددین سالابا بوو، ویستی ئیتاعەتی مەغۆل بکا، بەڵام مودافیعینی قەڵاکە کە کورد بوون ئیتاعەتیان نەکرد و مودافەعەیەکی ئازایانەیان کرد. لە دواییدا بەدرەددین لۆءلۆء حاکمی مووسڵ لەگەڵ مەغۆل ڕێک کەوت و لە موحاسەرەی قەڵاکە یاریدەی دان و بەم تەرحە هەولێر لە پاش بەینێک کەوتە دەس مەغۆل.
لە دوای سقووتی بەغدا و ئینقیرازی خەلافەتی عەبباسییە، ئەهلی شارەزوور و بەعزێ جێگەی تر وڵاتەکانیان بەجێ هێشت و هیجرەتیان کردە تەڕەفی سووریە و میسر (D. Ohssun)، زۆر موحتەمەلە کە بوونی دوو عەشیرەتی کورد وەکوو «لادین» و «بادین» لە جەزائیردا نەتیجەی ئەم موهاجەرەتە بێ (ئیبنی خەلدون، تاریخی بەربەر).
هۆلاکۆ لە ساڵی ٦٥٧ی هیجریدا لە تەورێزەوە ڕووی کردە سووریە و ئۆردووی مەغۆل لە ڕێگەیانا وڵاتی حەکارییان سەرلەنوێ وێران کرد و هەر کەسێکیان چنگ کەوت کوشتیان. لە جەزیرە، دیاربەکر، میافارقین و ماردیندا تەخریبات و قیتالی مەغۆل لە حەد و حیساب بەدەر بوو.
لە دوای وەفاتی حاکمی مووسڵ، بەدرەددین لۆءلۆء، کە تابعێکی سادقی مەغۆل بوو، کوڕەکەی کە ناوی مەلیک ساڵح بوو هاتە جێگەی، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو بە قسەی براکەی، تەفرەی خوارد و مووسڵی بەجێ هێشت و چووە ژێر حیمایەی مەلیکی میسر، لە سەر ئەمە قووەتێکی مەغۆل لە جەزیرەی ئیبنی عومەرەوە هاتە سەر مووسڵ و مودافعینی مووسڵ کە عیبارەت بوون لە کورد و تورکمان و شول ، لە ژێر ئیدارەی عەلەمەددین سەنجەردا شەڕێکی باشیان لەگەڵ مەغۆلەکان کرد.
لە سووریەشدا کورد لەگەڵ ئۆردووی مەملووکدا بەرامبەر بە مەغۆل گەلێ شەڕی کرد، حەتا سوڵتانی میسر، بیبرس، لە کاغەزێکیدا کە بۆ سەرداری مەغۆل، خانبەرەکەی نووسیوە فەخری بە زۆری و شەڕکەری ئۆردووەکەیەوە کردووە کە عیبارەت بووە لە تورک و کورد و عەرەب.
لە دوای شکانی مەغۆل (٦٨٠هـ / ١٢٨١ م) یەکێ لە ئومەرای عەسکەرییەی ئیسلام، بەینی تورکمان و کوردی باش کرد و بەشێکی بردنە تەڕەفی «کیلیکیا» و لەوێ دایمەزراندن و لە جوملەی عەجائیباتە کە خیلافی دوشمنایەتی کورد و مەغۆل، بەعزێ لە کوردانی فارس لەگەڵ مەغۆلەکان موتتەفیق بوون و لە زەمانی ئۆلجایتووخانیشدا ئەو ئۆردووی مەغۆلە کە لە ٧٠٦ی هیجریدا «گێلان»ی زەوت کرد، بەشێکی کورد بووە.
لەم دەورەدا وڵاتانی کورد بە تەبیعەت لە تەڕەف ئومەرای مەغۆلەوە ئیدارە کرا و لە بەعزێ جێگا وەکوو هەولێر و مووسڵ شەڕ و شۆر زۆر دەوامی کرد. لە ئۆردووی مەغۆلدا بەعزێ گاور هەبوو، کە «کەیاجی»یان پێ ئەگوتن و بەشێ لەمانە کە لە جوملەی موحافزینی هەولێر بوون بەرامبەر بە ڕەئیسەکەیان، زەینەددین بالوو عوسیانیان کرد و لەگەڵ کورد و عەرەبی ئەو ناوەش کە موتتەفیق بوون تێکچوون. ئەم هەرایە لە ١٢٩٧ی میلادییەوە تەقریبەن سیانزە ساڵێک دەوامی کرد و مەغۆلەکان لە دواییدا بە هەزار حاڵ گاورەکانیان لە قەڵای هەولێر کردە دەرەوە و حەتا لە وەقتی موحاسەرەدا مەغۆل تەڵەبی تارییەی لە کورد کرد، بەڵام ڕەئیسی کوردەکان نەیویست کە مودافعینی هەولێر قەتڵ و عام بکرێن، لە بەر ئەوە یارییەی نەدان (تاریخی ماریا بالاجا، پاریس، ١٨٩٥).
بەینی هەولێر و مەراغە بۆ ئۆردووی مەغۆل عادەتەن بووبوو بە شەقام، هاتوچۆیان ئەکسەر بەم ڕێگەدا ئەکرد و زاتەن بەشی تەرەفی «ئۆشنۆ» و «سابڵاخ»يش لە ژێر ئیدارەیانا بوو. لە دەوری سەڵتەنەتی ئۆلجایتووخاندا مەرکەزی وڵاتی کوردستان لە «بەهار»ەوە نەقڵی «سوڵتانئاباد» کرا و ویسعەتی ئەم وڵاتە لە «نزهة القلوب»دا نیشان دراوە، بەڵام هەموو لایەکی وێران و خاڵی بووە، بە دەرەجەیەکی وا کە واریداتی تەقریبەن عوشری واریداتی دەوری سەلجووقی بووە.
لە وەقتی لەناوچوونی دەوڵەتی ئیلخانیدا دوو خانەدانی مەغۆل لەگەڵ یەکدا لە ڕەققە بەرپا بوون، گەورەی یەکێکیان «سوڵدوز» و ئەوی تریان «جەلایر» بوو. لە دواییدا لە ساڵی ٧٣٨ی هیجریدا بەقییەی وڵاتانی مەغۆل، لە تەڕەف ئەو دوو خانەدانەوە لە بەینا بەش کرا. کوردستانی ئێران و خووزستان کەوتە بەر خانەدانی سوڵدوز کە کوڕانی ئەمیر ئاکرنج بوون، لە ٧٨٤- ٧٨٥دا ئەمیر بایەزیدی جەلایری مڵکێکی گەورەی بۆ خۆی پچڕی و ئەمەش لە خاریجی کوردستانی ئێرانی و عێراقی عەجەم بوو (لان پۆل دوسمان).