جەنابی سەیدی نوورانی
Appearance
جەنابی سەیدی نوورانی لە بەندەت بۆچی ناپرسی | چلۆنە وەزع و حاڵت ماوی ساغی تێری یا برسی |
لە سایەی تۆوە ماوم تا بمێنم هەر دۆعاگۆتم | نیهایەت دەردی گەورەم با بڵێم و وا قەڵەم نووسی |
لە حەیفی ئەو خەڵیفەی توورەکەی سەر پڕ لە سندانە | کە کەس نازانێ لە فیرقەی غوولە یا جیننە یا ئینسی |
وەکوو بیستوومە سیمی تێلگڕافات و کەڕاماتی | لە ئیندرقاشەوە دەڕوا هەتا سەرنەوس و بن نەوسی |
لە نێو جەمعی مرید و میللەت و ئەتباع و مەنسووبی | گەلێ باڵاترە ڕوتبەی لە ڕوتبەی حەزرەتی غەوسی |
لە ژێر کورسی هەتا ڕۆژ ئەحمەقە دەخوات و لێی دەنوێ | کە ڕۆژ بۆوە دەڵێ ئەوشۆکە چوومە عەرش و تا کورسی |
دەیانگوت گوفتوگۆی فەرموو لەگەڵ جیننی ئەگەر دەتڕی | دەیانگوت بۆنی نیسبەت هات ئەگەر بۆ قەومەکەی دەتسی |
مەپرسە ئاوی دەسنوێژی بە لیک و بەڵغەمی سۆفی | بە سندانی کە کرد ئەو ئەحمەقە چون کەر بوو پێی ڕەخسی |
کە جارجار بۆ فریو و خودنمایی دەچتە سەرقەبران | دەڵێ ئەم قەبرە ئەهلی نارە ئەوهەش بۆتە فیردەوسی |
سەگێکە دمڕەش و پڕ مەکر و پڕ تەزویر و مەککارە | کەرێکە دەستوپێ قایم بە پاچیش ناشکێ تەرسی |
درۆی پاش مردنە وا ئەو کەرانە هیچی نافامن | بڵێن گەر ئەهلی کەشفە چم لە دەستی دا دەڵێی خیرسی |
ئەگەر ڕاستت دەوێ بۆ هیچ شتێک نابێت و ناسوڵحێ | مەگەر بۆ مست و بۆ زللە ملی پان و دەم و لەوسی |
عەجەب پەتیارە و ئەفسوونگەر و جادوونمایێکە | کە خۆی خستۆتە جەمعی ساحیبانی ئەنفوسی قودسی |
لە وەختێکدا کە قەیسی هەڵدەڕێژێ بۆ مریدانی | کەسی ئاقڵ لەوێ نابێ موکەڕڕەر پێی بڵێ قیسسی |
سەرم گێژە خەیاڵم پەرتە ئەفکارم پەرێشانە | لە داخان وەختە ببمە شوربیی و تریاکی و چەرسی |
مەڵێن ئەو «شاعیر»ە یا مونکیرە یا ئەهلی تەنقیدە | بەوەی کەم ئولفەتی خستە قلووبی خەزرەجی و ئەوسی |
ئەگەرچی ئەم قەسیدە توند و تاڵە زەهری قەتتالە | بەیانی واقیعە تێیدا نییە هیچ ئارەزووی نەفسی |
بەڵێ مەعلوومە فیتنەی ئاخری دنیا دەبێ وابێ | دەبێ هەرتێک بچێ ئەو دایرەی مەنزوومەیی شەمسی |
ئەوە چون تێرە وەک سەی سەر کەلاکی مڕڕەمڕڕی دێ | خەڵیفەی چاخلوو دایم دەقووڕێ وەک سەگی برسی |
جەنابی کاکە نوورانی دەبێ تۆ بۆچی ڕازی بی | بە ئەم ئەوزاعە، گەر چاکی ئەگەر پیری ئەگەر شەخسی |
بڵێ بەو قەومە بێ ئەقڵە بڵێ بەو ئەهلە نادانە | هەتا کەی دەبنە یەخسیر و نەچیری تیری بێ قەوسی |
گوناهی ئەم هەموو مەخلووقە باری گەردنی تۆیە | ئەتۆ گورگت بە مەڕ بەم عالەمە سەلماندووە غەوسی |
لە خۆت فکرێ بکە ڕۆژی قیامەت بێنە بەر چاوت | خەلاست بێ لە دەس ئەم عالەمە بێچارەیە و حەپسی |
لە ڕۆژی حەشر و میزان و مەقاما ئەم هەموو خەڵکە | لە تۆ شاکی ئەبن، تۆی وا ئەکەی بۆ ئەم تەڵە ڕەئسی |
ئەگەر بۆخۆت ئەزانی ئەم خەلیفەت ناقیسە هێشتا | عەبای بۆ پێدەدەی بۆ ماڵی خەڵکی دادەدەی دەرسی |
مەقاماتی تەسەووف خۆت ئەزانی و شەرتی دەروێشی | لە بورجی عاسمانی مەعریفەتدا بێ شکە شەمسی |
لە بەرچی وا ئەکەن ئێوە و خودا لەم بەحری عیرفانە | خەڵیفەی وا دروست ئەکرێ کە تەکیەش پیس ئەکا ڕەوسی |
مسوڵمانی و مەقامی ئەهلی عیرفانیش ئەگەر وابێ | دەری ئەبڕم کە بێزارم لە شێخی بەسری و وەیسی |
شەو و ڕۆژ چل درۆت ئاخر ئیجازەت دا بە هەر یەکیان | بە شەو چون زۆر دەنوون تا دە، بە ڕۆژ چون مەجلیسە تا سیی |
حیسابی بستە وا زوورە، خسووسەن قافییەش تەنگە | دەبێ عیددەی لە کابینەی کیڕامولکاتبین پرسی |
ئەوێستا خواهیشم وایە کە ئیستیعفا بدەی لێیان | شوکور تۆ ئەهلی ئیدڕاکی شوکور تۆ ساحیبی حیسسی |
لە هەر لاوە سەدای تەحسین و تەمجیدت دەکا «مارف» | لە ئەولا خاڵە قائانی لە ئەم لا مامە فیردەوسی |
جەنابی مامە شێخ دەیگوت شوکور خاڵی نییە جێگەم | گەلێ باڵاترە فکری گەلێ عالیترە حەدسی |
This work is now in the public domain in Iran, because according to the Law for the Protection of Authors, Composers and Artists Rights (1970) its term of copyright has expired for one of the following reasons:
In the following cases works fall into the public domain after 30 years from the date of publication or public presentation (Article 16):
|