تیغی جەوهەردار هەرچەندە جوانە
Appearance
تیغی جەوهەردار هەرچەندە جوانە | جەوهەر ناڕێژێ پێوە چەسپانە |
بەڵام جەوهەری ئینسان ئەپڕژێ | بە هۆی ئەوەوە، زۆر خام ئەبرژێ |
تیغی جەوهەردار بریندار ئەکا | پیاوی بە جەوهەر زام تیمار ئەکا |
پیاوچاک پەل و پۆی ئەکا بە سێبەر | لەو سێبەرەدا کار ئەچێتە سەر |
سێبەری داری گوێزی کوێر قورسە | لە ژێر داری «بی» بنوو مەترسە |
دار گوێز بە حەوت ساڵ ئینجا بەر ئەگرێ | مێو بە سێ ساڵە لێی ئەخورێ ترێ |
کە تۆ ئومێدی نان لە خەڵک ئەکەی | دیارە خزمەتی داری پەڵک ئەکەی |
ڕەنج بدەی لەگەڵ پیاوی ناپیاوا | ڕەنجی شانی خۆت ئەدەی بە ئاوا |
پێشینان ئەڵێن لە داخ و دەردا | هاتیتە ئەمەی خۆڵ بکەی بە سەردا |
خۆڵی بەر قاپیی دەوڵەمەند پێوە | پارە ڕژاوە، ئاڵتوونە پێوە |
من ئەڵێم نابێ ئەم ئیشە وابێ | چونکو دەوڵەمەند پارەی گوم نابێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 654
1942/01/22
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|