تۆڵە ئەسێنم
Appearance
بە سەرما ڕامەبوورە کاکی زاڵم! | لە دەستی زوڵمی تۆ، وێرانە ماڵم |
بە شەو ئێشکچی ماڵ خان و ئاغام | بە ڕۆژ کۆڵ کێشی پووش و دڕک و داڵم |
ئەگەر ڕا کەم لە بۆ مڵکی یەکێ تر | لەوێشدا قوڕ بە سەر هەر عەینی حاڵم |
لە دەس قانوونی پیسی میر و ئاغا | لە هەر لا بم، بە دەس زوڵمۆ ئەناڵم |
دە زاڵم نۆرەمە، خۆت ڕاگرە بۆم | بچێژە شەربەتی گورز و گۆپاڵم |
بە تەنیا چاو لە قونجانێک بزانە | ئەسێنم حەقی زوڵمی چەند ساڵم |
حەقی جووتیار و پاڵە و ڕەنجبەرانم | حەقی چەوسانەوەی خۆم و مناڵم |
بە زەبری چەکوشی کاوە مێشکی ئەپژێ | قەوارەی پوچەڵی، زوحاکی زاڵم |
چ خۆشە بێتە دی، ئامانجی بەرزم | ئیتر کۆشک و تەلاری میر نەماڵم |
چ خۆشە هێزی ڕەنجبەر ڕابماڵێ | قەڵا و زیندانی ئاغای بەد فەساڵم |
چ خۆشە من بڵێم ئاغا چ کارەی؟ | بڵێ: ئەمڕۆ لە گومرکدا حەماڵم! |
چ خۆشە میر بە عینوانی کرێکار | بڵێ: ئیشت نییە؟ ئەمڕۆ بەتاڵم! |
چ خۆشە قانعا بێ خۆف و ئەندێش | بڵێیت: زاڵم لە کوێیە، من زەواڵم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|