تووران و جنێودانی بە پیلان و سیاسەت
Appearance
تووران و جنێودانی بە پیلان و سیاسەت | پێم خۆشە کە بێگانە نەزانێ بە فەراسەت |
سەد جار کە بە ڕووی ترش و قسەی سەردێ دەرم کەی | هەر دێمەوە وەک مێشێ بە هەنگوینی هەناسەت |
هەرچەند کە لەبەر قاپییەکەت خوار و زەلیلم | نایدەم بە هەموو ڕوتبەیی شاهان و ڕیئاسەت |
بڕوانە زەوی، سینە هەموو نەخلی ئومیدە | بێ حاسڵە ڕۆژێ نەبووە جێگە پیاسەت |
ناکاو دەسی نایە سەر چاوم و یەعنی | من کێم و ئەزانم بە دەسی نەرم و هەناسەت |
عومرێکە گلاراومە شەو تاکوو بەیانی | خاوم بزڕێنێ بە زڕەی تاس و هەیاسەت |
دوا گیانمە ئاخر نەفەسە و تۆ بی و مەولات | دەم بێنە دەمم بیکەمە قوربانی هەناسەت |
عومرێکە لیباسی غەمی دووریتە لەبەرما | گۆڕین و دڕینی نییە ئەم کۆنە کراسەت |
سینەم بە سروشک ئاوڕشین کرد و نەهاتی | فەرموو کەڕەتێ، فێنکە بۆ جێگە پیاسەت |
کەوتوومە لەبەر قاپییەکەی تۆ کەڕ و کاسم | جارێ گوزەرێ ناخەیە سەر ئەم کەڕ و کاسەت |
خەڵکی گەنمی دوورییەوە جۆ چووە خەرمان | تۆ هەر لە پەرێز مایتەوە تف و لەو دەس و داسەت |
هەر دێتەوە سوێ زامی دڵی سابیری قوربان | ئارام و سەبووری نییە سووتاوە لە تاسەت |
حەسرەت لە دڵم ما کە شەوێ بێی و لە خەودا | سابیر بەخەبەر بێ لە زڕەی تاس و هەیاسەت |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|