بەیتی ترخێنە
Appearance
ساڵ و عەیامان کە ئەتوت: زستان | ئەبوو بە بەفر و زوقم و ڕێبەندان |
کە بەفر ئەباری تا پشتێنەی پیاو | نە ئەتوایەوە بە تینی هەتاو |
دەر و ژوور بیست ڕۆژ ڕێگا ئەبڕا | مەل و جانەوەر ئەچوو بە قڕا |
کەو و کۆتر و داڵ ئەڕژانە شار | لە بیرمە کەوم ئەگرت جار بە جار |
ئای لەو خۆشییە کە لە ناو بەفرا | کەوم ئەگرت و ئەمکرد بە هەرا |
گۆشت و دارو و ماست ئێجگار قات ئەبوو | بەشەو ئەم شارە کش و مات ئەبوو |
هاوین زەخیرەی زستانیان ئەخست | ماڵی تفاقیان ئەهاتە نوشوست |
قاورمە لەجێی گۆشت دائەنرا | بە کەشک تامەزرۆی دۆکوڵیو ئەدرا |
بە لەتکەهەرمێ دەم تەڕ ئەبووەوە | بە خۆشاو ترێ لە بیر ئەچووەوە |
گەڵامێوی وشک بۆ یاپراخ نەبوو | بۆ خەنەی بووک بوو کە ئەدرا بە شوو |
دۆینەی بەیانیان چەند مزر و خۆشە | بە کەوچکی دار تێر هەڵیلوشە |
ئەنجا لە باتی سەوزە و میوەی تەڕ | شێلمی ترخێنە خۆی ئەخستە گەڕ |
وا هاتینە سەر بەیتی ترخێنە | کە ترخێنە هات هەڵیقوڕێنە |
یەکەم «حسن» ە دوو «سیّئە» یە | لە ناو عەرەبدا دوو بدعە هەیە |
بۆ عەنعەنەی کورد ترخێنە و ئێستە | بڵێ «سیّئە» هیچ لێی مەوەستە |
چونکە ئێستاکە بە چلەی زستان | هەموو سەوزەیەک دێتە بەر دەستتان |
لە باتی شێلم، سڵق و سپیناخ | لەگەڵ «ئەنکەناز» بیکە بە یاپراخ |
هەمیشە گۆشتی تازە و ماست حازر | کەشک و قاورمە چی لێ بکەم ئیتر |
کە خوا فەرموویە: «لحماً طريه» | دیارە گۆشتی وشک لە تام بەرییە |
کەوابێ شێلمی گەنیو چی لێ بکەم | گوێ ڕاگرە بەیتی ترخێنەت بۆ بکەم: |
شێلم و بڕوێش تێک هەڵئەشێلرێ | چاڵێکی قووڵی بۆ هەڵئەکەنرێ |
لەو چاڵەدایە هەتا ئەترشێ | کرم و گڵخۆرکەی تێ ئەورووژێ |
بۆرە زەلامێک ئەچێتە ناوی | پاو و پل کوڵکن، قول کڕێشاوی |
تیا هەڵدەپەڕێ و بەرز ئەبێتەوە | تا پێی ئەو چڵکەی لێ ئەبێتەوە |
ئەنجا دەگەنێ وەک دەعبای تۆپیو | دکتۆر بیبینێ ئەیخاتە ناو شیو |
کە دەریان هێنا دەستی نەشۆراو | ئەیکات بە تۆپەڵ بە سووری هەتاو |
جارجار بەو دەستەی کە چڵم ئەسڕێ | ترخێنە ئەخوا و ناوسکی ئەگڕێ |
هەر چەند کە بێزووش بە ترشی ئەکا | لەبەر بۆگەنی ناوچاو گرژ ئەکا |
شێلم ئەکرۆژێ خرمەی دێ وەک گیا | لاسکە شێلمی لەلا وەک لوبیا |
لە لاجانگیدا ئەسپێ دەردێنێ | لەگەڵ ترخێنە هەڵیەفلیقێنێ |
لالغاوەی پڕ لە کەف و بڕوێش | سەر و پۆتەڵاک وەک پرچی دەروێش |
چیغێکی کۆنی پڕ لە چڵک و تۆز | کە بۆ کارەگەل کرابێت بە کۆز |
دەیبەنە سەربان لەوێ هەڵیەخەن | سفرە بۆ مار و مێروو ڕائەخەن |
کە ڕەشەبا هات تۆزی میز و گوو | ئەڕوانی بەگژ ترخێنەدا چوو |
چونکە هاوین خەڵک شەو لە سەربانە | جێی میز و گووە وەک ئەدەبخانە |
قەیناکە تۆزێک تۆزی لێ نیشتوە | پیشەی قەدیمە کە بەجێی هێشتوە |
ناوزگی ئێمە لەو پاکتر نییە | لە زگدا فەرقی پاک و پیس چییە؟ |
ئەمە تەرتیبی ترخێنەمانە | بۆچ پێی نەئاوسێ زگ وەک هەمانە |
عەنعەنەی وا قۆڕ عەمری نەمێنێ | با شێلم بە ترش لەجێی بخوێنێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|