بەڵاگەردانی چاوت بم ئەڵێی نەجمی گەلاوێژە
Appearance
بەڵاگەردانی چاوت بم ئەڵێی نەجمی گەلاوێژە | دەمێ عیسا و لوقمانە، دەمێ سەففاک و خوێنڕێژە |
بە ئەووەڵ تیری دالەرزیم و غافڵ بووم و نەمزانی | کە من ئێستاکە هوشیارم خەدەنگێ تر بهاوێژە |
لەبەر ئێشی خەدەنگی دڵ دەکەم فەریادی بێ حاسڵ | بە شێتم ناودەبەن خەڵکی، زەمانێ پێم ئەڵێن گێژە |
نەمامی قەدی تۆ بەڵکوو هەمیشە تازە و تەڕ بێ | وەرە جانا لەسەر ئەم دیدەیی پاراوە بینێژە |
کەسێ خاری تەریقی عەشقی چاوێ تۆی بە دڵدا چوو | وەکوو وشتر بە ناچاری دەکا ئەم نەوعە کاوێژە |
تەبیبی پڕ فەن و حازیق مەبەن بۆ خزمەتی عاشق | کە دەرمانی دڵی عاشق وەرایی عەقڵ و ڕاوێژە |
حەکیمی میهرەبان جامی گوڵاب و قەندی بۆ هێنام | وتم: ئەی بێخەبەر لەم دەردە ئەو دەرمانە بیڕێژە! |
سەبا تۆ مەحرەمی ڕازی دەخیلەک عارەب ئاسایی | گەیشتی بەو تەبیبە، لەم نەخۆشە شەممەیێ بێژە |
بڵێ مەجنوونەکەی سەحرانشین ئەمشەو لە دووری تۆ | لە حاڵی نەزعدا ماوە بڕۆ ئیحسانە بینێژە |
چ غەوغایێکە سابیر بەسیە ئەم ناڵانە کۆتاکە | قسەی بێ ڕەغبەتە هەرکەس وەکوو تۆ تالیعی لێژە |
دڵی کردە نیشانەی تیری غەمزەت، تێگەیی سابیر | کە غەمزەت هەروەکوو تیری ئەجەل چالاک و خوێنڕێژە |
حەکیمی دەردی سابیر موشکیلە دەس ناکەوێ ئیللا | لە فەیزی مەرقەدی سەیید ڕەزای قوتبی دێلێژە |
عەجەب بۆ چی بە بێ عیلمی؟ کە سابیر شیعری داناوە | بە فەیز و یومن و ئیستیمدادی قوتب و پیری دێلێژە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|