بێینە سەر باسی ئیجتماعیمان
Appearance
پیرەمێرد لەم هەڵبەستەی خوارەوەدا باسی چاخانەکەی ناو مزگەوتی گەورەی کردووە:
بێینە سەر باسی ئیجتماعیمان | ئەخلاقی عەسری زددە بۆ ئیمان!! |
هەر لەو جێیەدا بڕۆ چایخانە | کە چووی دانیشە و ئەوسا بڕوانە |
شەشی سیاسی و سێ و چوارێک مەلان | لە دنیا و خەڵکی عالەم تەوەللان |
هەر حکومەتێک کە باسی بکرێ | دەستبەجێ ناوی ژنی ئەبرێ |
چە ڕایەیەکیان دەکەوێ ئەوان | ببن بە سەگی ناو موڵکی خۆمان |
فەننی ئەوروپا هەمووی چاوبەستە | فەلسەفە و عیلمی فەلەک هەڵبەستە |
بێتە بەرامبەر مەلای پێنجوێنی | سەگ ئەڕیەنێتە دین و ئاینی |
سیاسییەکانمان هێند بەعینوانن | خەڵک بە مەخلووقی خۆیان ئەزانن |
دەعوای ملووکیی کرمی کەللەیە | هەرکامیان هەستێ گورگی گەلەیە |
بە خۆهەڵکێشان بە باڵ ئەفڕن | ئوتێل ماجستیک بە خەنجەر ئەگرن |
بێینە سەر باسی چایخانەکەمان | هۆدە شڕێک بوو و تاقی بەر هەیوان |
چایچی کێری خۆی کردووە بە پلار | بێ بەشی ناکا مشتەری و ڕێبوار |
بەو حاڵەشەوە مایە سووتاوە | چای بە دوو پوولە و پارەی نەدراوە |
دەفتەری بەقەد گەڵای کوولەکە | نووسیوێتی وەک قەرزی جوولەکە |
هەر ئەشیڕێنێ و کەس گوێی ناداتێ | دێتەوە ژێر بار لە پاش سەعاتێ |
هەندێکیان تیایە خۆیان و گونیان | وردەشاتری ناگاتە گونیان |
چاوەڕێی مامەن بە زێویەوانی | چوار عانەی دەسکەوت تێ فکریت هانی |
ئەنجا سەیریان کە شەڕە تەقسیمە | تێک گیران لە سەر پێسە و سانتیمە |
نەبم بە عانە و بە مامە بدرێم | هەر ئەو سەعاتە چوار پارە ئەکرێم |
وەزیری ئەوقاف شێخ ئەحمەد داود | چاخانەی داخست چایچی نابود |
وتی چایخانە لە مزگەوتایە | ئەوانەی لەوێن لەشپیسیان تیایە |
حوکم و فرمانی وەزارەت دەرکەوت | شەرعەن مەمنووعە لەشپیس لە مزگەوت |
هەی دەستت بە گون مەعالی وەزیر | تۆی بۆ حکومەت خاوەنی تەدبیر؟! |
خۆت لە مزگەوتا تا پێگەیشتووی | دەنگ وایە کەوا پاکیان نەهێشتووی! |
بەو سەرمایەیە ئێستە وەزیری | گەیشتیە پایەی هەنگامی پیری |
داخی سەرداخان شێخی مەندەبۆڕ | ڕیش دووکەڵاوی، چاکی جبەشۆڕ |
هەر ساڵی ماڵی سێ مانگ میوانە | بە حوکمی شێخی بۆ ئەو تەرخانە |
هەندێ جار ڕووی خۆی بە شاڵ ئەپۆشێ | لە گوێ ئاگردان چڵم هەڵئەلووشێ |
هەرچی بیەوێ خۆی داوای ئەکا | نەیدەیتێ دەڵێ وا تۆوم تکا |
بیستوومە هەندێک لە ئەوروپایی | بۆ تەحلیلی ڕۆح خەڵکی گەدایی |
بەرگی سواڵکەری دەپۆشن دەڕۆن | نایانناسنەوە لەبەر چڵک و ڕۆن |
یاخود هەندێکیان موبتەلای دزین | شتێک نەدزن بە ڕەحەت ناژین |
بۆم تەحلیل نابێ ڕۆحی ئەم زاتە | کە لە ناو خەڵکا وەلی سفاتە |
هێندەت زەحمەتە پێت بڵێن شێخە | گوریسێک ڕاخە و ئەم شارەی تێخە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|