بێکەس کەسی تۆ قەومەکەی بێ کەس
Appearance
شیوەنی «فایق بێکەس»
بێکەس کەسی تۆ قەومەکەی بێ کەس | شەرتە ئێشم بێ تا ئاخر نەفەس |
شەرت بێ ئێوارە و سوبح و نیوەڕۆ | تا ئەمرم بڵێم کاک فایقم ڕۆ |
دەریای مەعریفەت سەر شاعیرم ڕۆ | ئەدیب و دانا و هەم ماهیرم ڕۆ |
فیردەوسی گوفتار بێ دڵ پیرم ڕۆ | حاج قادری کۆی بەرز و ژیرم ڕۆ |
داواچی تۆڵەی کوردستانم ڕۆ | سەرۆکی پۆلی شاعرانم ڕۆ |
کاکە ڕۆینەکەت بۆ خۆت ئێش نەبوو | هەر ئێش بۆ برا و قەوم و خۆیش نەبوو |
دڵنیات ئەکەم چی کورد زوانە | دڵ پڕ لە خوێن و دیدە گریانە |
هەر کوردێ بڵێی کە تۆزێ ژیر بێ | دارای عەقڵ و فام، خاوەنی بیر بێ |
لەم کۆچی تۆیە ئاوات وە مەرگە | جاڕس لە ژین و بریندار جەرگە |
چونکە لە دوای تۆ کەس نییە وەک تۆ | چی بە بیریا بێت بیخاتە دەشتۆ |
تۆ لێت یەقین بێ نەمردووی ماوی | هەتا دونیا بێ هەر ناوبراوی |
«بیست و حەوت ساڵە» و «شەرتە شەرتە»کەت | هەیکەلن بۆ تۆ لە ناو قەومەکەت |
فایق گیان خۆ تۆ دڵ ئازار نەبووی | بێ ڕەحم و خوێنمژ ستەمکار نەبووی |
ئەم جەورە چی بوو بەم سەرما و سۆڵە | کردت لەم قەومە شووم و کڵۆڵە |
گشت لە قوڕ دایە و خەریکی شینە | هەموو قوڵاخی و سیپاڵ خمینە |
بەڵێ تۆ بۆ سەیر باغی ڕیزوان چووی | بۆ دیداری بینی حوور و غیلمان چووی |
ئەمما ژیانت لە ئێمە تاڵ کرد | گشت کوردت لێوە و شێت و عەوداڵ کرد |
دەڵێم بە مێژوو بەرگوزیدەکەم | ڕووم بێ ڕویشتیت نووری دیدەکەم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|