بۆ تۆیە وەتەن من لە وەتەن توونا کراوم
Appearance
بۆ تۆیە وەتەن من لە وەتەن توونا کراوم | دێوانەسیفەت ژینمە بەدناویە ناوم |
بێ حورمەتی لای خزم و برا ناحەزی واعیز | جێداری یەزیدە بە بەدی ناوی زڕاوم |
من دێتە دڵم بمکوژن و هەر وەکوو مەنسوور | بڕوا بە هەدەر خوێنی نەبێ خوێنی ڕژاوم |
باری خەمی تۆ بوو لەسەرم ئێستە کە وا من | وەک چینی فەنەر وایە قەفی پشتی چەماوم |
شەو تا کوو سەحەر شیوەن و زاریمە هەتاکەی | بڕوانە خوڕەی خوێنی گەشی چەشمەیی چاوم |
قاچ و دەسم ئیفلیجە نەما هێز و تەکانی | ئەسپی هونەری هۆش و وتەی توند و بەتاوم |
بۆ غایەپەرەستی وەرە بنواڕە لە داخت | وەک تار و نەی و عوودە کزەی جەرگی بڕاوم |
قەستەم بە چیا و شاخ و هەموو دەشت و نزارت | قەهر و خەمی تۆم نانە لەگەڵ گۆشت و پڵاوم |
نایدەم بە گشت پارچە قوماشی هەموو دنیا | نانێکی بەڕووی تاڵ و لەگەڵ شاڵی دڕاوم |
جێی بەرد و پلارم لە هەموو لاوە لەسەر تۆ | بێ عاری و سەرسەختییە بەم جۆرە کە ماوم |
موفتی لە قوڕی سوور و ڕەش و شین بەسەرا کە | ئەوساکە ئەڵێم خاوەنی سەد تاج و کڵاوم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|