Jump to content

باوەپیرە

From Wikisource
باوەپیرە (1962)
by ئەسیری
307791باوەپیرە1962ئەسیری
ئەی دڵی ناشادی من، تا کەی بێ، ئەندوه و غەمت مێشکی خولیایی من، تا کەی بێ، جۆشین و تەمت
سینەیی بوریانی من، تا کەی بێ گرپەی سووتنت جەرگی زامدارم، هەتا کەی ئێشی زام و میحنەتت
حەققە وەڵڵاهی غەم و سووتان و ئاهو حەسرەتت

نیشتمان وێرانە، سەرگەردانە پیاوی میللەتت

باوەپیرە تۆ چییە وا عاجز و سست و خەمی هێندە فرمێسکت دەڕێژی، غەرقی خوێناو و نەمی
دەست و پێ و کەللەت دەلەرزێ، تووڕە وو دڵ پڕ هەمی دەم بەدەم پەرپووت ئەبی، هەروا لەسەر خوار و کەمی
حەققە وەڵڵاهی غەم و سووتان و ئاهـ و حەسرەتت

نیشتمان وێرانە، سەرگەردانە پیاوی میللەتت

قەیرە تۆ بۆ چی کز و مات و مەلوول و سەر فرۆی دەردەدار و دڵشێواو و توند و بێزاری لە خۆی
وا پەرێشان و شێواوی نازانی کێ وو لە کۆی حاسیڵی عومرت سەراسەر ئاهی سەرد و ئای و ئۆی
حەققە وەڵڵاهی غەم و سووتان و ئاهـ و حەسرەتت

نیشتمان وێرانە، سەرگەردانە پیاوی میللەتت

لاوی شیرینم چ قەوماوە وەها تووڕە و هەڵەی زەرد و لاواز و لەڕ و وشکی وەکو داری چەڵەی
جووڵە وو نققەت بڕاوە هەر وەکو ڕێویی تەڵەی هەر خەریکی هات و هاوار و گرین و وەلوەلەی
حەققە وەڵڵاهی غەم و سووتان و ئاهـ و حەسرەتت

نیشتمان وێرانە، سەرگەردانە پیاوی میللەتت

ساوە تۆ بۆ چی ئەزیڕێنی و ئەناڵێنی بەشەو چاوی پڕ خوێنت بەڕۆژ و شەو، دەمێ ناچێتە خەو
تۆزێ داناکاسرێی، سرک و سڵی وەک بەچکە کەو هۆگری باب و کەست نیی، ڕووت لە کۆچ و بار و ڕەو
حەققە وەڵڵاهی غەم و سووتان و ئاهـ و حەسرەتت

نیشتمان وێرانە، سەرگەردانە پیاوی میللەتت

تۆ ئەسیری بۆ چی تەنگاوی و مەلوولی و دەردەدار وات ئەوێ تێکچێ زەوی پارەی ببێتە سەد هەزار
واتەقێ گشتی ببێتە ڕێزە وو تۆز و غوبار بەڵکو ڕزگاری ببێ کوردی پەرێشان و هەژار
حەققە وەڵڵاهی غەم و سووتان و ئاهـ و حەسرەتت

نیشتمان وێرانە، سەرگەردانە پیاوی میللەتت


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).