ئەی فلس ڕۆحی ڕەوانم تۆی پەنا و پشتی هەژار
Appearance
ئەی فلس ڕۆحی ڕەوانم تۆی پەنا و پشتی هەژار | دەستگیریی عالەمی مردوویش ئەخەیتە ئیش و کار |
نەک منی پەڕگەندە وا ئەمڕۆ کە زانیم قەدری تۆ | زاهیدیش بۆ تۆیە بیللاهی کە وا ئەخزێتە غار |
من لە ئەشرافیش ئەپرسم پێم ئەڵێ خاکت بە سەر | بێ فلس ناچێ بە فلسێ سەد شەرەف سەد بوونی پار |
چاکە بمبەخشی لەمەوبەر نەمئەزانی قەدری تۆ | ئێستە تۆم ناسی کە خۆم بینی لە هەر کووچە و کەنار |
چەندە بێ بایەخ لەمەوبەر تۆی هەبوو ناوی نەبوو | بۆت حیساب کەم ئێستە ئەشرافن هەتا دووسەد هەزار |
هێزی تۆ گەر پشتیوان و یارمەتیدەر بێ ئەکا | حوکمی میر و بەگلەر و ئاغا لە دێهات و لە شار |
ئەی فلس لای هەرکەسێ بی هەروەکوو لێفەی خەوی | دایئەپۆشی گەر ببێ عەیبی بە خەروار و تەغار |
ئەی فلس تۆ حیلەشەرعیت خستە ناو مەیدانەوە | دەس لە قانوونیش ئەکێشی وەک تریفە جاربەجار |
گەر بچیتە باخەڵ و گیرفانی تێر سەیرت بکا | ڕاست و ڕێکوپێکە پیرێکی قەدیمی چەوت و لار |
گەر نەبی لای گەنجی تازەی پێگەیشتوو بێ گومان | وەک فەنەر ئەشکێتە یەکسەد قامەتی هەروەک چنار |
ڕادیۆ و ئاو و گڵۆپ و باخی حەوشت پێ ئەکەن | ڕاستە هاوینیش ئەگۆڕی سەوز و فێنک وەک بەهار |
هەر کەسێ تۆی بێ نەجیب و خانەدانی پێ ئەڵێن | وەک ئەرەستۆ تۆی دەوابەخشی نەخۆش و شێت و هار |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|