ئەی شەوقی گەلاوێژ
Appearance
ئەی شەوقی گەلاوێژی بەیان نووری نیگاهت! | ئەی عەتری سەبا بۆی نەفەسی زوڵفی سیاهت! |
ئەی حوسنی تولووع وێنەیەکی فەیزی حوزوورت! | ئەی حوزنی غورووب ڕۆژی ڕەشی دووریی تەباهت! |
ئەی کۆشک و سەرای باغی بەهەشت مەیلی سەوابت! | ئەی ئاگری دۆزەخ شەرەری خەشمی گوناهت! |
ئەی عیففەتەکەت داغی حەسەد بۆ دڵی جیبریل | هەر بۆ هەوەس و عیشوەیە خۆ لارە کولاهت! |
چۆن مەحکەمەیی عەشق نەدا حەق بە جەمالت؟ | خەندەی لەبی مەعسوومە ئیفاداتی گەواهت! |
وەک بلبلەکەی فەجری ئەزەل ویردمە ئەی یار: | بۆ ئەو گوڵە وا خەڵقی ئەکا حەمدی ئیلاهت! |
بێ عەشقی هەوای پاییزە بۆ قەلبی فسردەم | ئەی ڕۆژی بەهار مەرحەمەتی تینی پەناهت! |
بێدارییەکەم زوڵمەتی شەو بردی قەراری | تۆ و زوڵفی پەشێو، دەربخە سا چیهرەیی ماهت! |
ئەستێرە هەموو داغی سەمای سینەتە «گۆران» | ئەی عەرشی عەزیم ناڕەحەتی دووکەڵی ئاهت! |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|