ئەی سەید خەلیل سەرداری سەران
Appearance
لە قەبرستانی سەید خەلیل
ئەی سەید خەلیل سەرداری سەران | سەیرانگە و خاوگەی میران و شێران |
ئیسە ئەزانم چی لە دەورتە | چەن شۆڕەسوار لەبەر قەورتە |
ئیمڕۆ من هاتم بۆ سەیرانەکەت | گوڵ و گوڵزاری سەر قەبرانەکەت |
هەموو پێم ئەڵێن بە زوانی حاڵ | تۆ دڵخۆش مەکە بە دونیای بەتاڵ |
هەر گوڵێ لێرا کە زەرد و سوورە | یا ئاڵ و شین و بەنەوشە و مۆرە |
ڕیشەی لە جەرگی نەوجەوانێکە | ئاوی لە خوێنی حوکمڕانێکە |
هەر پەڕەی گوڵێ تەڕ و ئاودارە | لە سەر ڕوومەتی شۆخی نازارە |
ئەو بەڕەزایە پەخش و چین چینە | پەرچەمی خاوی شۆخی شیرینە |
هەر نێرگس کێشی مەست و مەخموورە | دیدەی شۆخێکی گەردەن بلوورە |
ئای چەنمان دیوە پۆلی نازاران | گەل گەل ئەهاتن گشت چاو خوماران |
بە خۆشی و فەرەح بێ پەروا و ئازاد | گشت هەڵ ئەپەڕین لەم بانە دڵشاد |
چەن شەهریار و یا چەن حوکمدار | یا چەن ئەمیرێ شۆخی شۆڕەسوار |
ڕاویان ئەکرد لەم بانە بێ باک | ئیسە لە ڕاوگا کەوتوون بوون بە خاک |
نە سەیران کەر و نە ڕاوکەر ماوە | هەمووی وەکوو یەک لاشەی ڕزاوە |
تۆ ئەبێ بۆ چی دڵخۆش کەی ئەمڕۆ | وریات ئەکەی تۆ بە خوا بێ درۆ |
وە حەمەد پاشا ئەگەر هەڵ کەوێ | بە هەزار سوارۆ ئەگەر سەر کەوێ |
سەد ساڵ عومرت بێ بە حوکمرانی | یا بچیتە سەر تەختی بابانی |
ڕۆژێ هەس گەردوون ئەبێتە سەییاد | ڕۆحت ئەکێشێ هەر وەکوو جەللاد |
کاتێ ئەزانیت هاتوویتە ئێرە | لاشەت لە ژێری دوو بەرد ئەسێرە |
1936/2/5
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|