ئەی سەبا توبی و خوا ئارامی گیانم وا لە کوێ
Appearance
ئەی سەبا توبی و خوا ئارامی گیانم وا لە کوێ؟ | پێم بڵێ وا سووتیام ڕۆحی ڕەوانم وا لە کوێ؟ |
دوور نییە ڕۆحم دەرێ موژدە دەری سوبحی سەحەر | بمدەرێ موژدە ئەزانی دڵستانم وا لە کوێ |
دڵ لە حەسرەت دەردی دووری وەختە ئاری تێ بچێ | ئەی نەسیم پێم بێژە نووری چاوەکانم وا لە کوێ |
لەو دەمەی چەشتوویە زەهری ماری دووری ڕۆحەکەم | داڕزاوە دڵ تەبیبی میهرەبانم وا لە کوێ |
وەک کەتان توێ توێ ڕزاوە پارەپارە جەرگەکەم | پێم بڵێ پەیکی سەحەر دیدە فەتانم وا لە کوێ |
قەت مەکەن مەنعم دەسووتێم گەر وەکوو پەروانە من | یا وەکوو قومری دەڵێم سەروی جینانم وا لە کوێ |
دڵ بە غەمزەی چاوەکانی مینە جاف گیرۆدەیە | بۆیە ڕۆژ و شەو ئەڵێم ئەبرۆ کەمانم وا لە کوێ |
*** | |
باغەوان کوانێ گوڵی خەندان و کوانێ یارەکەم | کوا نیگاری ماهڕوو کوانێ گوڵی گوڵزارەکەم |
کوانێ باڵا سەروی قەد عەرعەری ئاهووی میشک بۆ | کوانێ سەردەستەی گوڵان کوا مەهوەشە گوڵ پارەکەم |
پێم بڵێ توبی خوا بۆ کوێ چوو یاری نازەنین | باغەوان هەر تۆی کە ئەمڕۆ مەحرەمی ئەسرارەکەم |
ڕووی لە کوێ کرد پێم بڵێ کوا حۆرییی باغی ئیرەم | وا لە کوێ شابازی شەهلا سەیدی دڵ ئازارەکەم |
وا لە کوێ تاووسی ڕەخشان کوانێ پەرچەم پڕشکەن | وا لە کوێ شەمسی درەخشان وا لە کوێ نازارەکەم |
وا لە کوێ فیتنە نیگا پێم بێژە کوا لێمو زەقەن | کوانێ ڕوومەهتابی ڕەخشان ئاسکەکەی تاتارەکەم |
پێم بڵێ بۆ کوێ چووە ئیستاکە توخوا باغەوان | مەسکەن و ماوای لە کوێ بێ دولبەرە دڵدارەکەم |
وا لە کوێ پێم بێژە توخوا کوا نیگاری ماهڕوو | باغەوان ئارم ئە دڵ چوو کوانێ چاو بەخومارەکەم |
وا لە کوێ گەردەن بلوور و وا لە کوێ ئەگریجە خاو | وا لە کوێ سیمین جەمین چاو نەرگسە بیمارەکەم |
وا لە کوێ شیرین و دڵکەش ئاهوویی دەشتی خەتا | وا لە کوێ تووبا قیافەت کوا کەوە خاڵدارەکەم |
وا لە کوێ قومریی گوڵستان کوانێ لەنجەی دڵستان | وا لە کوێ حۆریی ئیرەم نەیشەکەری جۆبارەکەم |
وا لە کوێ ئەبرۆکەمان و وا لە کوێ برژانگ سینان | وا لە کوێ غەمزەفەتان و وا لە کوێ عەییارەکەم |
گەر ئەپرسیت مینە ئاسا باغەوان، دوور بێ لە ڕووت | وام لە حاڵی مردنا بۆ دولبەرە دڵدارەکەم |
*** | |
ئەی دڵا بێ غەم بە سەبرت بێ نیگارت تێتەوە | باغەوان دێیژێ بە زوودی گوڵعوزارت تێتەوە |
هیچ لە غەم دەرنایێ لای من تەوەککول چاکترە | ئایەتی ان مع الـ بورهانە یارت تێتەوە |
سەربەخۆ ناڵێم بە تۆ ئەی دڵ نەوییەم پێ ئەدەن | هەر کەسێ دێ پێم ئەڵێت سەروی سەلارت تێتەوە |
زوو بە زوو ڕۆژێ ئەبێت دڵ خۆش ببم بەم موژدەیە | پێت بڵێن موژدە سوبەی دیدەخومارت تێتەوە |
غەم مەخۆ بێ مایەیە ئەی دڵ سەبووری چاترە | هەر لە حەق داوا کە تا سەروی سەلارت تێتەوە |
بەحری ئەلتافی خوا بێ ئینتهاس بۆ خاس و عام | گوێ بدە لاتقنطوا ئاهووی تەتارت تێتەوە |
پێم ئەڵێن مینە لە بەر چی غەم ئەخۆن تەئمین بە تۆ | مەڵهەمی زامی دەرد و ناوجەرگی زارت تێتەوە |
*** | |
بۆچ نەهات هێزی دڵ و ئارامی گیانم بۆچ نەهات | بۆ نەهات نووری بیناییی چاوەکانم بۆ نەهات |
بۆ نەهات تووبا قیافەت سەروی گوڵزاری ئیرەم | دولبەری قەد نەیشەکەر ڕۆحی ڕەوانم بۆ نەهات |
عەرعەری گوڵزاری جەننەت نەونەمامی میسک بۆ | تاووسی فیردەوسی ئەعلا حوور جنانم بۆ نەهات |
لێو وەکوو غونچە لەتیف و پەمبەیی و سوور و سپی | گەوهەری شەهلا و شەمسی ئاسمانم بۆچ نەهات |
دەم قوتووی گەوهەر چەند نارنج و خاڵ میشکی خەتا | مەم هەناری گوڵ بەدەم شۆخی جیهانم بۆچ نەهات |
ئاهوویی دەشتی خەتاو و قومریی شیرین خەرام | شەهریاری دڵ ستانی دڵ ستانم بۆچ نەهات |
دافیعی ئەفغان و ناڵە و شەربەتی تەسکینی دڵ | مەڵهەمی جەرگ و برینی زامەکانم بۆچ نەهات |
هەر وەکوو مەجنوون دەپلکێمۆ بە دەرد و ئێشەوە | مینە جاف دێژم کە لەیلی کویستانم بۆ نەهات |
*** | |
ئەی دڵی غەمدیدە موژدە کۆچی یارم هاتەوە | مەڵهەمی زامی دەروونی پڕ لە خارم هاتەوە |
شەمسی خاوەر وا لە بورجی خۆی توڵووعی کرد ئەڵێن | گوڵ بە دەن فەندۆق دەهەن لالەعوزارم هاتەوە |
ڕۆح بکە شاباشی بەر پێی ئەی دڵا بەم موژدەیە | بۆ شکاری سەیدی تۆ بازی تەوارم هاتەوە |
زامی دڵ سارێش ئەبێتۆ داغی دووری دەفع ئەبێ | بۆ شیفای دەردم تەبیبی ماهوارم هاتەوە |
نەوگوڵی باغی حەیاتم لەعلی ڕوممان لێوەکەم | مایەیی کەیفی دڵم دیدە خومارم هاتەوە |
قەد وەکوو شمشاڵ و قامەت عەرعەری باغی بەهەشت | مەهوەشی سیمین جەمین ئاهووی تەتارم هاتەوە |
زولف وەکوو سونبول پەشێو و خاڵ وەکوو موشکی خەتا | مەم هەناری گوڵ بەدەم دێژی نگارم هاتەوە |
ڕوو گوڵ و چاو نەرگسی شەهلا و ئەبرۆ وەک هیلال | سێوزەقەن، سیمین بەدەن، میهری دیارم هاتەوە |
حاکمی ئیقلیمی حوسن و ئەفسەری شۆخی جیهان | ئەفزەلی مەحبووبی دەوران تاجدارم هاتەوە |
تیپی موژگان، فەوحی عەسکەر، شیردەسی ئەبرۆیی مەس | بۆ ئەمیری خوتتەیی دڵ، شەهریارم هاتەوە |
مینە دڵشادم دەکەن بەم موژدەیە گۆیا نیگار | هەر وەکوو شاهینی تەرلان بۆ شکارم هاتەوە |
*** | |
ئەی دڵا هەڵسە بچین خێر هاتنی جانانە کەین | نەک بە پێ بەڵکوو بە سەر ئەم ڕێگەیە پێوانە کەین |
بێرەوە ساز و بە زوو چیت کەوتە دەس لەم شێتییە | تەرکی ڕەویەی چۆڵ پەرەستی و شێوەیی دێوانە کەین |
باعیسی شوکر و سەنایە خەم کە هاتە ئینتیها | واجبی ئێمەس کە زوو دەرمانی ئەم دەردانە کەین |
موددەتێکە بووین بە جێی ئەفسانە و لۆمەی وڵات | ڕێکەوە با قەتعی واتەی ناسزا و تانە کەین |
مینە ئاسا با بچین ئەی دڵ بە پیری یارەوە | دەم بە دەم شوکری خوا تەهلیلەیی ئەم زوانە کەین |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|