ئەی سەبا ئەی مەحرەمی ئەسراری جەمعی عاشقان
Appearance
ئەی سەبا ئەی مەحرەمی ئەسراری جەمعی عاشقان | ئەی سەبا ئەی مەڵهەمی زامی بە سۆی خوێنی دڵان |
ئەی سەبا ئەی قاسدی عوششاقی سەرگەشتەی فیراق | ئەی سەبا ئەی پەیکی ئەفراح مەقدەمی وەعدەی بەیان |
ئەی سەبا دافیعی ئیش و خەمەکەی ئەوگاری دەرد | ئەی سەبا ئەی باوەشێنی گەرمەیی دڵ ئاگران |
وا بە شوعلەی ئاگری دووری ئەسووتێ جەرگەکەم | تو خوا هەڵسە لە خەو ئەم سوبحە بەر لە گشت بەیان |
خۆت موعەتتەر کە لە گوڵشەن تۆ بە ئەنواعی گوڵاو | پاش ئەوە عەزمی سەفەر کە پشت بە قووەی لامەکان |
زوو بڕۆ تو خوا دەخیلت بم مەوێسە لەحزەیێ | تا دەچیتە گردە سەوز و وارگەی ناو تاوێران |
تۆ بچۆرە بەرزەبانی پاینی یاڵە دڕێژ | چوویتە ئەوێ بڕوانە دیارە لێتەوە ڕەشماڵەکان |
سەیر ئەکەی وا میرەماڵێ وا لە خواری خێڵەوە | ڕوو بکە ئەو ماڵە بێژە ئەسسەلام ئەی قبلەمان |
ئەسسەلام ئەی مەهوەشی تازە ڕەسیدەی موشک بۆ | ئەسسەلام ئەی باغچەیی سەر باشقەیی باغچەی گوڵان |
ئەسسەلام ئەی تاووسی جوێباری جەننەت ئەسسەلام | ئەسسەلام ئەی نووری هەر دوو دیدە و ئارامی گیان |
ئەسسەلام ئەی دووریەکەت مایەی خەم و ئێشی دڵم | ئەسسەلام ئەی هاودەمیت دەرمانی ئێش و دەردمان |
جا لە ڕاس ئەو میرەماڵە تۆ بچۆرە خوارەوە | چوویتە بەر قاپی دەخیلت بم بویتە ئەل ئەمان |
پرس کە بڕوانە لە خەو هەڵساوە یا خۆ نووستووە | نەک خەوی بشکێنیە چاوی نووری هەر دوو دیدەمان |
گەر لە خەو هەڵسی وەکوو ڕۆژ دیارە ناشارێتەوە | چونکە وەک خۆر شەوق ئەدا ڕووی لە ناوی چیخەکان |
ئەو دەمەی هەڵسا لە خەو بێ دەنگ بچۆرە ژوورەوە | خاکی بەر پێی ماچ بکە بیماڵە ئەو گردە بە زوان |
پێی بڵێ عەرزی بکە ڕوویی تۆ کەعبەی دڵم | وا لە دەوری سەروی باڵات هێند پەشێوە حاڵمان |
ئاگری تێ چووگە مینە چی ئەکا ناکۆژێتەوە | شێت و عەوداڵە دەسوزێت وا لە کێو و هەردەکان |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|