ئەی بتخانەکەی لای دەربەنی خان
Appearance
بۆ بتخانەکەی لای دەربەندیخان
ئەی بتخانەکەی لای دەربەنیخان | بینایی وێرانەی سەرچەمی سیروان |
تۆ خوا پێم بڵێ تۆ دەسکاری کێیت | ڕەمز و بناغە و یادگاری کێیت |
کێ کردووییتی بۆ چی وێرانەی | بۆ چی کاول و بایەقوش خانەی |
تکات لێ ئەکەم بمدەرۆ وەرام | خاس تێم گەیەنە لێت بووم سەرسام |
هاتە ئە زووان بینای وێرانە | وەرامی دامۆ بەم بەیانانە |
وتی برا گیان بۆچ ئاگرت دام | بۆچ توێژی زامی توێژ بەسەت لادام |
لە من مەپرسە سەیری ئازام کە | سەیری هەیکەلی ناوی بینام کە |
بڕوانە مەعنای قەڵای شەمیران | جا باش تێ ئەگەی لە ئێمەی وێران |
قەڵای شەمیران قەڵای شا و میران | نیشتمانی تەخت جێی ئقلیم گیران |
ئەم هەیکەلانەی پێی ئەڵێن بتن | گشت وێنەی شاهان بڵند هیممەتن |
وێنەی شەهەنشا و میرانی کوردن | ڕەمزی شێرانی ڕۆژی نەبەردن |
من بتخانە نیم جێگەی شاهانم | نشینگەی تەختی جەمشید جاهانم |
ئێوە لە مێژووی پێشوومان وێڵن | هەر وەکوو کوێری بینایی لێڵن |
لە بەر بێ عیلمی سەرتان سڕماوە | ناوی ئێمەتان بتخانە ناوە |
من و پەیکوڵی و قەڵای شەمیران | ئێستە بەم ڕەنگە وا بووین وێران |
ماوا و مەکانی تاجداران بووین | قەسری سەڵتەنەت شەهریاران بووین |
جێی بەزم و تەدبیر شا و وەزیران بووین | لەشگرگەی لەشکر سەر ئەمیران بووین |
ناوم شانشین قەومی کوردان بوو | شاهم حاکمی گشت کورد زوان بوو |
حوڕ و سەربەست بوو بێ پەروا و دڵشاد | لە ئێشی زوڵمی دوژمنان ئازاد |
گەردشی گەردوون دوونی ستەم جۆ | تێکی دا دەزگای شاهانە و شکۆ |
دوژمنی شاد کرد بە خاک و ئاومان | ناوی گوم کردنین بتخانەی ناومان |
1946
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|