ئەو ژینە چ ژینێکە کە مەحکوومی بەشەر بێ
Appearance
ئەو ژینە چ ژینێکە کە مەحکوومی بەشەر بێ | ئەو نانە چ نانێکە بە تەزبیح و بە گەڕ بێ |
هەر کەس کە نەبێ چاولەبەری مەردوم و حوڕ بێ | شیرینە ئەگەر شاڵ و فەرەنجیشی لەبەر بێ |
کوڕ ئەو کەسەیە تا وەکوو ئاخر نەفەسی دێ | نانێک و ژیانێکی بە شان و بە هونەر بێ |
فەرقی ئەم و ئەو چەندەیە لای ئەهلی بە ویژدان | شێخی چلەکێش و کوڕی کاسب لە سەفەر بێ |
کەڵکی چییە بۆ دینم و دنیام و ژیانم | ڕیشێکی زل و مێزەری سەوزیشی لەسەر بێ |
هەر مردنە با بمکوژن و بەس لە مەراقا | پڕ داخ و خەفەت ئاخری بێ سوود و سەمەر بێ |
مەهتووکە لەلای من ئەوی ژینی بە گەڕانە | ئەولادی عەلی یا لە نەوەی زاتی عومەر بێ |
ئەم قەومە گەلێکی وەکوو سەر بارە لە سەرمان | بنچینە ئەگەر وابوو خوا ژێر و زەبەر بێ |
واعیز مەکە مەنعم دڵەکەم پڕ لە جەخارە | ناهەق نییە گەر قامەتەکەم چەشنی فەنەر بێ |
ئەم ژینە کە وا باسی ئەکەم غایە و فکرم | ساخێکە وەکوو حەیتە لەدەس مەیتەری بەد بێ |
ئەو لاشە کە بیمار و کز و زەرد و زەعیفە | دەرمانی نییە لازمە میکرۆبی بەدەر بێ |
موفتی دەمی خۆت بگرە قسەی وا مەکە بەسیە | باوەڕ مەکە ئەو نەوعە بە شیعر و قسە تەڕ بێ |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|