ئەوا سوڵتانی نەورۆزی سوپای تیپ تیپی هێناوە
Appearance
ئەوا سوڵتانی نەورۆزی سوپای تیپ تیپی هێناوە | ڕەنگاوڕەنگ ژاڵە و نەرگسی لە دەشتا خەیمەیی داوە |
بە سروەی بای نەسیم کاوان شکاوە تەختی یەخبەندی | لە لایێ زایەڵەی تەیرە لە لایێ هاژەیی ئاوە |
لە لایە زیڕەیی قوڵنگە لە لایێ نەعرەیی شاهین | لە لایێ قیژەیی کۆترە بە چنگی بازی شەهلاوە |
لە لایێ خوێندنی سوێسکە لە لایێ قەهقەهەی پۆڕە | لە لایێ قاسپەی کەو تێ لە تەک فەجرا تێکڵاوە |
لە سەر ئەورەنگی زومڕووتی لە سەحرادا ئەڵێن نەرگس | وەکوو سوڵتانی نەورۆزی لە سەر تاجی تەڵای ناوە |
دەڵێی ئەگریجەیی پەخش و پەریشانی نیگارانە | شنۆی ئەگریجەیی شەوبۆ ئەشنیۆ بە دەم باوە |
بە ڕەنگی خاڵی ئاوداری سەری گۆنایی گوڵرەنگە | لە ڕوویی لالە ئەو خاڵەی بە ناز و عیشوە نەخشاوە |
چیا ڕازاوەتۆ وەک بووک دەڵێی ئەم بووکە مەخسووسی | کەوای سەوز و کراسی سوور و سوخمەی زەردی پۆشاوە |
لە باتی چەتفەی سورمە بەنەوشە چارەکەی کۆڵیە | چ شیرین تازە بووکێکە بە گوڵ چارشێوی داداوە |
بڕۆن یاران تەماشا کەن چەمەن ئارایشی خۆی کرد | بە گوڵ ڕەنگین بووە دێژێ بەهەشت هاتوەتە دنیاوە |
لە پرشەی ڕەنگی عاقیقی گوڵە زەردە ئەبێت حەیران | سەحەرگاهان کە خۆر هەڵتێ و ئاو و ئاونگی لێداوە |
بە شوعلەی خور ئەڵیێ مروارییە شەونم تریسکەی تێ | گوڵە خاشخاش دەڵێی لەعلە و وە یا پیرۆزە ڕژیاوە |
تەماشای باغ و گوڵشەن کە دڵی سەد دڵ دەکا حەیران | دەڵێی وا جەننەت و فیردەوسی لە سەر ئەرز جیلوەیی داوە |
وەکوو ئاوازی سەمتوورە سەحەر بولبول ئەناڵێنێ | بە ڕەنگی کوڵمی مەحبووبە بە پەڕەی گوڵ غونچە پشکاوە |
نموونەی پەرچەمی شێواوی پەخشی شۆخی تەننازە | پەشێویی سونبول و نەسرین و سۆسەن وا بە شەیداوە |
لە سەر سەفحەی گوڵی شەست پەڕ ئەنووسێ خامەیی سۆسەن | بە ئەمری حەییی دادارە «ئەمین» ئەم ڕەنگە ڕێژیاوە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|