ئەم جێیە کوێیە من لێی دانیشتووم
Appearance
ئەم جێیە کوێیە من لێی دانیشتووم | یاران پێم بڵێن تا نەڕۆیشتووم |
چوار دەوری داوم دەوەن و کانی | دارستانێکە سڕی یەزدانی |
فەرشم شاخێکە بڵند و نازدار | شەماڵی لەنجە ئەکا بە نزار |
ئەم لام سەنگاوە، ئەو لام قەرەداغ | جێگایەکی خۆش، هەوایەکی ساغ |
چامان لێ ناوە ئەڵێی سەیرانە | خەمێکمان هەبێ دووریی یارانە |
چین چین ئاسکە دێنە بەرچاوم | سڵ ناکەن ئەڕۆن، بۆ سەیر وەستاوم |
قاسپە قاسپی کەو لەبن درەختا | دەنگی پەلەوەر لە چیای سەختا |
قیژەی مناڵ و باڕەی بزن و مەڕ | ئەم جێیە چۆڵەی کردووەتە مەحشەر |
تیپ تیپ کچە جاف ناسک نازەنین | کە دێن بەرەو ڕووم دەمبەپێکەنین |
منیش عاشق و پەروانەکەی یار | زامی دڵەکەم دێتەوە ئازار |
شیعر ئەخوێنمەوە، گۆرانی ئەڵێم | ناڵەی خۆم ئەکەم، لە دووریی لەیلێم |
فایق وڵاتت دوڕڕو گەوهەرە | سەرچاوەی ئاوی چەشنی کەوسەرە |
شاخی سەگرمە قوللەی ئیڤڵە | فەرەح بەخشی گیان، موونیسی دڵە |
ئەهلی هەموو کورد، شیرین کردارن | قەومێکی نەجیب، هەموو نازدارن |
گیانت دابنێ لەبەر ڕێیانا | خاکی ڕێگابە لەسەر ڕێیانا |
میللەت و وەتەن بۆ تۆ مەقسوودە | لەسەر ئەو دووانە بکوژرێی سوودە |
1939/10/14
سەگرمە
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|