ئاقیدەی شێخ سەمیع/باسی سیفاتی خودا
Appearance
بێینە سەر باسی سیفاتی خودا | حەوتیان: قەدیمن لەوی نین جودا |
حەیی و زیندووە هەرگیز نامرێ | عالم بە ئەشیا هەر چی بکرێ |
سەمیع و بەسیر دەبیێ و دەبینێ | لە دوور و نزیک، لەژێر زەمینێ |
قادر و مورید لە زۆر و لە کەم | چی حەزکا ئەیکا، خەلق لە عەدەم |
ساحێب کەلامە نەک بە حەڕف و دەنگ | یەک زاتی لەتیف بێجیسم و بێڕەنگ |
لەژوور هەموو شتێک عەڕشی ئەعزەمە | لەوێش بەرەوژوور فەزای عەدەمە |
لەژێر حەوت عەرزان چییە، جەهەننەم | لەوێش بەرەوژێر فەزایی عەدەم |
وەک فەزای عەدەم ئینتیهای نییە | زات و سیفاتی هەر وەکوو وییە |
لە فەزای عەدەم تا فەزای عەدەم | هەرچی تێیدایە لە زۆر و لە کەم |
لە ئەووەڵ ئەو بوو، هێچ مەوجوود نەبووە | سەرپاک لە نەبوو، ئەو خەڵقی کردووە |
هەرچی زیڕوحێ نەفەس هەڵێنێ | ئەو نەفەسانە ئەو ئەیخوڵقێنێ |
هەر لە بزووتنیان تا ساکینبوونیان | لە ختووڕاتی دڵ تا هاتوچوونیان |
چی نەیخوڵقێنێ هیچ مەوجوود نابێ | هەموو شتێ دەبێ خەڵقی خودا بێ |
لە زەڕەخاکێ، تا چڵەگیایێ | لە جوزئیاتێ، پەلکەگەڵایێ |
قودڕەتی خودای گەر لەگەڵ نەبێ | بە چاوقووچانێک پاک عەدەم ئەبێ |
هیچ خەو و غەفڵەت، وەنەوزی نییە | چی تۆ خەیاڵ کەی، خیلافی وییە |
بەوەی بزانین کە بێمەکانە | جێی نە لە ئەرزە، نە لە ئاسمانە |
هیچ مەکان نەبووه، هەر قەدیم بووە | ئیحتیاجی بە هیچ مەکانێ نەبووە |
ئێستاش هەروەها ئیحتیاجی نییە | ئەگەر موحتاج بێ، بۆ ئەو نەقسییە |
هەموو زێڕوحێ هەریێک بە حاڵێ | گەر لێی داوا کەن هەریێک سوئالێ |
بە جارێ پاکیان جێبەجێ ئەکا | هیچ پاش و پێش و تەئخیریان ناکا |
سەرپاک ئەیزانێ لێی غەڵەت نابێ | ئەگەر وانەبێ، چۆن دەبێ خوا بێ |