ئاقیدەی شێخ سەمیع/باسی حۆریانی بەهەشت
Appearance
هەرێیک حەفتاودوو حۆری بۆ لەززەت | پێنج سەد غوڵامیش هەر لەبۆ خزمەت |
مەجمووعیان جوانن، پاک چاردەساڵن | بێ ڕیش و سمێڵ، شیرینجەماڵن |
داییم هەر بیکرن، ئەو جەمعی حۆریان | «لَمْ يَطْمِثْهُنَّ إِنْسٌ وَ لا جَانٌّ» |
گەر ئاوی دەمیان بێتە بەحری تاڵ | پاک شیرین دەبێ وەک ئاوی زوڵاڵ |
ئەگەر پەنجێکیان بێتە ڕووی دنیا | مانگ و ڕۆژ شۆقی نییە لەکنیا |
چاوڕەش و بۆنخۆش، گەردەنفرازن | خۆشخولق و خۆشخوو، شیرینئاوازن |
هەریێک حەفتا جوور لیباس لەبەردا | ئەنواعی خشڵ و زیوەر لەسەردا |
زۆر نازەنینن، عەجەب جوانچاکن | لە حەیز و نیفاس هەموویان پاکن |
ساحێب عەیش و ناز، نازکئەندامن | قامەت عەڕعەڕن، شیرینکەلامن |
ئەندامیان سافە وەک شووشەی بلوور | مەغزی لوولاکیان دەبینی لە دوور |
داییم لە گەڵیان، ئیستیمتاع ئەکەن | لە سەعاتێکا سەد جیماع ئەکەن |
هیچ بوغز و کینە و تەشویش نازانن | مەجمووعیان عاشق مێردی خۆیانن |
پیری و نەخۆشی و مردن نامێنی | ئەو ماڵ و موڵکە کەس لێی ناسێنی |
هەر ڕۆژی جومعە زیافەتی خوایە | خەڵعەتی ڕەزا و فەیزی لەقایە |
مەدحی بەهەشتێ قەت تەواو نابێ | مەسڵەحەت وایە ئەمجار کۆتا بێ |
«يا مالِكَ المُلك، سَتَّار و صَبور» | پادشاهی جەببار، غەففار و غەفوور |
هەرکەس بیخوێنێ، یا گوێی لێ بگرێ | بە کردەوەی چاک، بە ئیمان بمرێ |
«سەمیع» گوناهکار، «اِلتِجَا» ئەکا | بۆ فاتیحایەک سەد ڕەجا ئەکا |